دەستەی وەبەرھێنان: ئەم ھەفتەیە ھەموو وردەکارییەکانی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون یەکلایی دەکرێتەوە
_(6)__2022_06_14_h15m55s23__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، لەم ھەفتەیەدا فۆڕمی فەرمی بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بڵاو دەکرێتەوە و ھەموو کارەکانیش یەکلایی دەکرێنەوە.
ھێمن ھەینی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بڕیار دراوە ئەم ھەفتەیە فۆڕمی وەرگرتنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بڵاو بکرێتەوە و خەڵکیش دەتوانن پڕی بکەنەوە و تەنھا ھەندێک خاڵی کەم ماوە تەواو بێت و بڵاو دەکرێتەوە، بۆیە خەڵکەکە بەپێی ئەو مەرجانەی لە فۆڕمەکەدا ھەیە، ئەگەر بیانگرێتەوە دەتوانن پڕی بکەنەوە.''
بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ''تا ئێستا وردەکارییەکانی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون یەکلایی نەکراوەتەوە و ئیشی لەسەر دەکرێت و لەم ھەفتەیەدا ھەمووی یەکلایی دەکرێتەوە.''
ھێمن ھەینی ڕوونیشی کردەوە: ''لە فۆڕمەکەدا کە ناوی خۆت تۆمار دەکەیت کۆمەڵێک زانیاری لەبارەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تێدایە و بڕیارە بۆ ئەو مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو لەگەڵ کۆمەڵێک وەبەرھێنەری ناوخۆیی کۆ بینەوە، بۆ ئەوەی دەست بە دروستکردنی یەکەکان بکەن کە بە چەند دروستی دەکەن و قیستەکەی چەند دەبێت و چۆن دەبێت، ھەموو وردەکارییەکان دیار دەبن.''
بڵند ئیبراھیم




