''لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان سەردانی خانەقین دەکات''

هەولێر –KDP.info- بڕیارە حەفتەی داھاتوو شاندێکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، سەردانی قەزای خانەقین بکات و سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت، تەعریبێکی مەترسیدار لە خانەقین دەستی پێ کردووە و ھەڕەشە لەسەر گوندە کوردنشینەکان ھەیە.
جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە حەفتەی داھاتوو لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان، سەردانی دەڤەری خانەقین بکات و مەبەست لە سەردانی ئێمە بۆ خانەقین ئەوەیە ماوەیەکە لەو سنوورە تەعریبێکی مەترسیدار دەستی پێ کردووە و، بەتایبەتی ھەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدار لەسەر گوندە کوردنشینەکان دەوروبەری خانەقین ھەیە و خەڵکی کورد ناچار دەکرێت شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.''
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: ''بەداخەوە ژمارەیەک گوندی کوردنشین بەھۆی پڕۆسەی بەعەرەبکردن لە سنووری خانەقین چۆڵ کراون و بەشێکی دیکەشیان مەترسییان لەسەرە.''
جوان ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''حەفتەی داھاتوو لە خانەقین بەدواداچوون بۆ ئەو مەترسییانە دەکەین کە لەسەر کورد ھەیە و ڕاپۆرتێک لەبارەی پڕۆسەی تەعریب لە خانەقین ئامادە دەکرێت و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، تا ڕێگەچارەیەک بۆ وەستاندانی تەعریب لە سنووری قەزای خانەقین بگیرێتەبەر.''
قائید میرۆ




