٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمان بۆ KDP: تۆپەکە له‌ گۆڕەپانی لایەنە سیاسیەکان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، رێککەوتن کراوە پەرلەمان لەبارەی پرسی ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بێدەنگی بنوێنێ تا لایەنە سیاسیەکان دەگەنە رێککەوتن و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی لایەنە سیاسیەکانە.

خەدیجە عومەر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەپێی رێککەوتنی نێوان فراکسیۆنەکان پرسی ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن باسی لێوە ناکرێت و بابەتەکە رادەستی لایەنە سیاسیەکان کراوە، تا ئەوان دەگەنە رێککەوتن، واتە پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بەبێ باسکردنی ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، لە ئێستادا تۆپەکە خراوەتە گۆڕەپانی لایەنە سیاسیەکان".

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سکرتاریەتێک پێکھاتووە و نوێنەری لایەنەکانی تێدایە، بڕیارە تا کۆتایی ئەم مانگە راپۆرتێک ئامادەبکرێت لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێمی کوردستان".

خەدیجە عومەر ڕوونیکردەوە: "بە بۆچوونی من کات نەماوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی، بەڵام ئەوە بۆچوونی خۆمە و کۆتایی ئەم مانگە لایەنە سیاسیەکان راپۆرتێک ئامادە دەکەن و تێیدا ئەوان بڕیار دەدەن ھەڵبژاردن بکرێت لە کاتی خۆیدا یانیش دوا بخرێت، سەرەتای مانگی داھاتووش پرسی ھەڵبژاردن یەکلا دەبێتەوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار