ھێنانی کرێکاری بیانی بۆ ھەرێم سنووردار کراوە

هەولێر -KDP.info- جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاشکرای کرد، ھێنانی کرێکاری بیانی سنووردار کراوە و دەڵێت، ساڵانە سێ ھەزار کرێکاری بیانی بە شێوەی فەرمی بۆ کارکردن دێنە ھەرێمی کوردستان.
نزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەگوێرەی یاسا ھەموو کرێکارێکی بیانی ئەگەر مۆڵەتی فەرمی وەربگرێت، مافی ھەیە بۆ کارکردن بێتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی قەیرانی دارایییەوە ژمارەی بێکاری ناوخۆ زیادی کرد و، بۆ ئەوەی دەرفەتی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆ دەستەبەر بکرێت، ھێنانی کرێکاری بیانی سنووردار کراوە و ئێستا تەنیا مۆڵەت بە ھێنانی ئەو کرێکارانە دەدرێت کە کرێکاری ناوخۆ نایکات، یان بەدەست ناکەوێت، ئەوانەی دێنە ھەرێمی کوردستان زیاتر کرێکاری خزمەتگوزاریی نێوماڵان و ژینگەپارێزانن.''
بەرپرسەکەی وەزارەتی کار گوتیشی: "ئەو کۆمپانیانەی کرێکاری بیانی بۆ پڕۆژەکان دێننە ھەرێمی کوردستان، لیژنەکانی ئێمە سەردانی شوێنی کارەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی ھێنانی کرێکاری پڕۆژەکان پێوستە، دواتر بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.''
نزمی مووسا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەو کرێکارانەی مۆڵەتی کارکردنیان پێ دەدرێت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە و دێنە ھەرێمی کوردستان ساڵانە ژمارەیان لە سێ ھەزار کرێکار تێ ناپەڕێت، بەڵام ئەوانەی بە شێوەی قاچاخ دێن، ئاماریان لای ئێمە نییە، چونکە ئەوانە تۆمار نەکراون لە فەرمانگەکانی ئێمە.''
قائید میرۆ




