نەخۆشخانەیەکی گشتی لە شنگال دروست دەکرێت

شنگال -KDP.info- بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، نەخۆشخانەیەکی گشتی لە قەزای شنگال دروست دەکرێت و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، نەخۆشخانەکە لە شوێنی نەخۆشخانەی پێشوو دروست دەکرێت.
ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نەخۆشخانەی گشتیی شنگال لە سەردەمی داعشدا وێران بووە و سەدا٩٠ی نەخۆشخانەکە بەھۆی تۆپباران و بۆردوومانەوە تێک دراوە، بەداخەوە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی، شنگال تا ئێستا نەخۆشخانەی نییە، خەڵکێکی زۆری نیشتەجێی شنگال بەبێ نەخۆشخانە ماونەتەوە".
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەڵێت: "کەرتی تەندرووستی لە شنگال وەک پێویست لە خزمەت ھاووڵاتییاندا نییە، ئەوەشی ھەیە لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە ھاوکاری دەکرێن، لەبەر ئەوەش شنگال پێویستی بە نەخۆشخانەی گشتییە".
ماجد شنگالی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "دوای ھەوڵێکی زۆر بەڵێنمان پێ دراوە نەخۆشخانەیەکی گشتیی زیاتر لە ١٠٠ تەختی بۆ شنگال دروست بکرێت و سەردانی تەندرووستی و ئیدارەی مووسڵیش دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بخرێتە پلانی حکوومەتەوە و بودجەی پاڵپشتیی ئاسایشی خۆراک بۆ دەستپێکردنی نەخۆشخانەکە دابین بکرێت، ھاوکات نەخۆشخانەکە دیزاینی بۆ کراوە و بڕیارە لە شوێنی نەخۆشخانەی پێشوو دروست بکرێت".
قائید میرۆ




