سەرۆکی حکوومەت ٦٠ ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی ڕێگای کەلار بۆ دەربەندیخان تەرخانکرد

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی ڕێگای کەلار بۆ دەربەندیخان ٦٠ ملیار دیناری تەرخانکردووە، کە گرنگیەکی زۆری بۆ گەرمیان و سلێمانی بە گشتی دەبێت و پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، بەھۆی نەبوونی بوودجەش پڕۆژەکە وەستابوو بەڵام ئێستا بە تەرخانکردنی ئەو بوودجەیە تەواو دەکرێت.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی ئێمەی کرد و بڕیارێکی گرنگیدا ئەویش بەتەرخانکردنی ٦٠ ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ڕێگای کەلار بۆ دەربەندیخان کە ٦٠%ی تەواو بووە و ئەو ڕێگایە گەرمیان بە سلێمانی و دەورووبەری دەبەستێتەوە، کە درێژی ڕێگاکە ٤١ کم دەبێت".
ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی: "پرۆژەکە ستراتیژییە کە بە سەرمایەی ١٣٧ ملیار دینار دروستدەکرێت، بەڵام ماوەیەکە بەھۆی نەبوونی بوودجە راگیرابوو، ئێستا جارێکی دیکە دەست پێدەکاتەوە و تەواو دەکرێت، کە خزمەتێکی باشی ناوچەکە دەکات".
بڵند ئیبراھیم




