ھێشتا بڕیاری کۆتایی لەبارەی دابینکردنی بودجە بۆ ھەردوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا نەدراوە

بەغدا -KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی، بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ھەردوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق گفتوگۆ کراوە، بەڵام تاکوو ئێستا بڕیاری کۆتاییی لێ نەدراوە .
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەوەی باس لەوە دەکرێت کە لە بودجەی ھێزەکانی فریاکەوتندا بودجە بۆ ھەردوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دانراوە تا ئێستا بڕیاری کۆتاییی لێ نەدراوە و تەنیا باسی لێوە کراوە و گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام پێویستیی بە بڕیاری کۆتاییی ھەیە.''
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت ڕوونیشی کردەوە: ''ھەموو ڕێکارەکان تەواو بوون و تەنیا کێشەکە دابینکردنی بودجەکەیە کە پێویستە بڕیاری لەسەر بدرێت و کێشەکەیش ئەوەیە حکوومەتی ئێستا توانای دابینکردنی بودجەی نییە تا بڕیار بدات و پێویستە حکوومەتی تازە دروست بێت، بۆیە جارێ تەنیا قسەی لەسەر کراوە کە بودجەیان بۆ دابین بکرێت و ھێشتا لە قۆناغی گفتوگۆدایە و بڕیاری کۆتاییی لێ نەدراوە ''.
دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ناوچە کوردستانییەکان دروست دەکرێن کە بە ھاوبەشی ئەو ناوچانە بەڕێوەی ببەن و ھەموو ڕێکارەکانیشی تەواو بووە و تەنیا ماوە بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




