وەبەرھێنانی دھۆک: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە کەرتی وەبەرھێنان داوە

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک گوتی، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا گرنگییەکی زۆر بە کەرتی وەبەرھێنان دراوە، بەتایبەت لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا و پلان و بەرنامە و پرۆفایل بۆ قەزاکانیش ئامادە کراوە، کە گرنگی بەو بوارانە بدرێت و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە دھۆک بەردی بناغەی سێ پڕۆژەی گرنگ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت دانرا.
کوردۆ ئێحسان، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ھەنگاو بە ھەنگاو کارنامە و ستراتیژیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پارێزگای دھۆک دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێش چەند ڕۆژێک بەردی بناغەی سێ پڕۆژەی ستراتیژی لە دھۆک دانرا، کە ئەو پڕۆژانە بەشێکن لە ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکەمان، یەکێک لەوانە پڕۆژەی سامانی ئاژەڵە کە سێ ھەزار مانگایە و بەرھەمھێنانی شیر لەخۆ دەگرێت کە پڕۆژەیەکی کامڵە و ھەموو پێداویستییەکان لەخۆ دەگرێت و بە سەرپەرشتی و تەکنیکێکی زۆر مۆدێرن و بە ھاوکاریی وڵاتی ھۆڵەندا و سەرمایەدارێکی دھۆک لە کۆمپانیای کاڤین گرووپ جێبەجێ دەکرێت، بەردی بناغەی بۆ دانراوە بە گوژمەی ٦٠ ملیۆن دۆلار لەسەر ڕووبەری ھەزار دۆنم زەوی و، پڕۆژەیەکی دیکە دروستکردنی خانووی شووشەیی و چاندنی سەوزە و میوەی تایبەت و کارگەی شەربت و میوە و کۆگای ساردکەرەوەیە، کە ئەوەش لەسەر ڕووبەری ٢٣٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێت بە سەرمایەی ٢٠ ملیۆن دۆلار بەردی بناغەی بۆ دانراوە و جگە لەوەش، کارگەیەکی دروستکردنی ئارد کە توانای بەرھەمھێنانی ٥٠٠ تۆن ئاردی ھەیە، ئەویش لە ناوچەی دۆمیز بەردی بناغەی بۆ دانرا ''.
کوردۆ ئێحسان گوتیشی: ''ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوەی لە کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگیی پێ بدرێت گەشتوگوزار و پیشەسازی و کشتوکاڵ و بوارەکانی دیکەیە.''
بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک ڕوونیشی کردەوە: ''دەمانەوێت لەڕێگەی ئەو پڕۆژانەوە ھەم بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکەین و ھەم دەرفەتی کار بڕەخسێنین، ئەوە ستراتیژیی ئێمە بووە و لە ھەموو قەزاکان کە حەوت قەزان، پرۆفایلی وەبەرھێنانیان بۆ ئامادە کراوە کە زیاتر گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازی بدرێت.''
بڵند ئیبراھیم




