٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان محەمەد: کۆتاییی ساڵی داھاتوو سەرژمێریی گشتی بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە کۆتاییی ساڵی داھاتوو سەرژمێریی گشتی بەڕێوە بچێت و سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بڕیارەکە سەرەتایییە و لەوانەیە تا ئەو کاتەی دیاری کراوە ئاستەنگ دروست ببێت لەبەردەم پرۆسەکەدا.

سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆبوونەوەی پێنجەمی دەستەی باڵای سەرژمێریی عێراق بەڕێوە چوو و ئێمەش وەک نوێنەری ھەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بووین، وەزیری پلاندانان لە کۆبوونەوەی ڕابردوودا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بە شێوەی سەرەتایی بڕیار دراوە پایزی ساڵی داھاتوو پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق بەڕێوە دەچێت، لەبەر ئەوە دەڵێین بڕیاری سەرەتایی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کاریگەریی ھەیە و لەوانەیە وەزیری داھاتووی پلاندانانی عێراق لەبارەی بەڕێوەچوونی سەرژمێری ھەمان بۆچوونی نەبێت.''

سەرۆکی دەستەی ئامار گوتیشی: "سەرژمێری پرسێکی ھونەرییە و پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە بەسیاسی کراوە، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کۆ بووینەوە و لەسەر بەڕێوەچوونی سەرژمێری جددین و ئەم جارە ھەردوولامان سوور بووین لەسەر ئەوە کە نابێت سیاسییەکان لە پرسی سەرژمێریدا دەستوەردان بکەن.''

سیروان محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەوەی تا ئێستا ھەیە و بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوەیە کە کۆتاییی ساڵی داھاتوو سەرژمێریی گشتی بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەگەر ئاستەنگ دروست نەبێت، ئینجا پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بێت، یان بابەتی نەبوونی بودجە، بەڵام ئەوەی من دەیبینم ئەم جارە سەرژمێری بەڕێوە دەچێت.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار