٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جوان حەسەن: تەعریب بە شێوازی جیاواز لە کەرکووک بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد، ئێستا زۆرترین ڕێژەی عەرەبی شۆڤێنی بەمەبەستی گۆڕینی شارەکە فۆرمی خۆراکیان بۆ کراوە و دەڵێ، دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستی شۆڤێنییەکان واڵاتر بووە.

جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تەعریب سیاسەتێکە بە بەردەوامی بەڕێوە دەچێت، بەڵام دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زیاتر دەستیان واڵا بووە، ئەوەش بۆ نەمانی کورد لە کەرکووک و نەمانی ئەنجومەنی پارێزگا دەگەڕێتەوە، ئێستا تەعریب بە چەند شێوازێک دەکرێت، واتە بەناوی جیاجیاوە پرۆسەی تەعریب بەردەوامە، ھەندێک جار بەناوی گرێبەستی کشتوکاڵی و ھەندێک جار بەناوی تر، ھەتا ھەندێک جار عەرەبی شۆڤێنی بەناوی کارکردنەوە دێنە کەرکووک.''

ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ڕێکخراوترین تەعریب ئێستا لە ڕێگەی فۆرمی خۆراکەوە دەکرێت، ھەرچەندە ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام زۆرترین ڕێژەی خەڵک لە ماوەکانی ڕابردوودا فۆرمی خۆراکیان گوازراوەتەوە بۆ سەر کەرکووک، ھەر عەرەب دێنن لە کەرکووک نیشتەجێی دەکەن و فۆرمی خۆراکیان لەسەر کەرکووک بۆ دروست دەکرێت.''

جوان حەسەن دەڵێت: "تەعریبی ئێستا لە هی سەردەمی سەددام خراپترە، چونکە بە ئارەزووی خۆیان عەرەب لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێننە کەرکووک و بڕیارێکیش دراوە، ھەر کەسێک ١٠ سال لە کەرکووک نیشتەجێ ببێت، مافی پێدانی زەویی ھەیە، عەرەب ھەیە لە سەردەمی سەددامەوە ھاتووە و مافی ھەموو شتێکی ھەیە لە کەرکووک، ئەوەش مەترسییە بۆسەر کەرکووک و پاشەڕۆژی کورد لەو پارێزگایە.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار