سبەی کۆبوونەوەیەکی دیکەی لایەنە سیاسیەکان بەرێوەدەچێت

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەی رابردووی لایەنە سیاسیەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بەبەشداری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق زۆر ئیجابی بوو، ھاوکات بۆچوونەکان لەیەک نزیکبوون و بڕیاریشە سبەی لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان دەزگا ھەڵبژاردنەکانی لایەنە سیاسیەکان و کەسانی پسپۆر کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
سکرتێری پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان، باپیر کامەلا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسیەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێم و بە بەشداری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر ئیجابی بوو، ھەروەھا بەشداربوونی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ھاوکاری و پشتگیری بووە لە لایەنەکان و بۆچوونەکانیش لەناو کۆبوونەوەکە زۆر لەیەک نزیکبوون، بۆیە دانیشتنەکە خۆی زۆر ئیجابی و گرینگ بوو".
باپیر کامەلا ڕوونیشیکردەوە: "نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشت و ھاوکارە و ھانی لایەنەکان دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن و ئەوان ناتوانن بڕیار بدەن، چونکە لایەنە سیاسیەکان بڕیار دەدەن و ئەوانیش پەرۆشی ئەوەن لایەنەکان بگەنە رێککەوتن".
کامەلا ئاماژە بەوەشدەکات: "سبەش کۆبوونەوەیەکی دیکە بەرێوەدەچێت کە لە دەزگای ھەڵبژاردنەکانی لایەنەکان و کەسانی پسپۆر ئامادەدەبن و ھەر یەکەیان بۆچوونی خۆی پێشکەش دەکات، بۆ ئەوەی لەیەک نزیک ببنەوە لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە ھەرێمی کوردستان و بگەنە رێککەوتن، بۆیە چاوەرێ دەکەین بزانین ئەنجامی کۆبوونەوەی سبەی چۆن دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




