شەش ڕێنوێنیى وەزارەتى کشتوکاڵ له KDPیهوه بزانه

ههولێر-KDP.info- وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان شەش ڕێنوێنیی بۆ ڕێگرى لە بڵاوبوونەوەى پەتاى خوێنبەربوون دەرکرد.
ڕێنوێنییەکانی وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بریتین لە:
- پێویستە سەربڕین لە سەربڕخانە فەرمییەکان بێت و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێتەرنەری بچێتە بازاڕ و سەربڕین لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغە بکرێت.
- پشکنینی ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بە مەبەستی دڵینابوون لە تەندروستیی ئاژەڵەکە ئەنجام بدرێت.
- پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت.
- کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فڕۆکەخانەکاندا پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.
- وەزارەتمان ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان و ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
- کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەی نافەرمی لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقی فیدراڵ، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونیان تێدا بڵاو بووەتەوە.
ڕامان وریا




