٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەبار یاوەر: ھاوپەیمانان ئامادەن درۆن بۆ پێشمەرگە دابین بکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵی داوە بۆ بەدەستھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ھاوپەیمانانیش ڕەزامەندن بۆ دابینکردنی درۆن بۆ پێشمەرگە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ ڕەزامەند نییە و، دەشڵێت، پاراستنی ئاسمانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە، بەڵام نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکات.

فەریق جەبار باوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیھان، ئەوانەی سوپایان ھەیە، فڕۆکەی شەڕکەری بێفرۆکەوان و چاودێری بەکار دێنن، ھەروەک بینیومانە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ پێکانی ئامانجێکی دیاریکراو بەکار دێت، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی فڕۆکەی درۆنی ھەیە، جگە لە سوپا و دژەتیرۆری عێراق ھەتا ھێزەکانی حەشدی شەعبییش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ھەیە.''

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵی داوە درۆن بەدەست بێنێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی بودجەیەکی پێویست نەمانتوانی بیکڕین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە ڕەزامەندیی حکوومەتی فیدراڵ ھەیە، هەوڵمان داوە لە ڕێگەی ھاوپەیمانانەوە درۆن بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت، ئەوەش بۆ مەبەستی شەڕکردن نییە، مەبەست لە بەدەستھێنانی درۆن بۆ چاودێریی ھێڵی بەرگریی پێشمەرگەیە لەگەڵ داعش بۆ ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەڕاسیۆنەکاندا بەکاری بێنین.''

یاوەری ڕوونی کردەوە: "ھاوپەیمانان ڕەزامەندییان نیشان داوە بۆ پێدانی درۆن بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕەزامەندیی نەداوە، سەرەڕای ئەوەی ھاوپەیمانان بودجەیان دابین کردووە، تا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پێشمەرگە دابین بکەن.''

فەریق جەبار یاوەر ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پاراستنی ئاسمانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەڕووی دەستوورییەوە ئەرکی حکوومەتی عێراقە، بەڵام عێراق نەیتوانیوە ئاسمانی عێراق و کوردستانیش بپارێزێت، لەبەر ئەوەش، بەردەوام ئاسمان و زەمینی عێراق و ھەرێمی کوردستان پارێزراو نەبووە، بەداخەوە عێراق ناتوانێت کۆنترۆڵی ئاسمانی خۆی بکات، فڕۆکەی پێشکەوتووش نییە لە عێراق بۆ پاراستنی ئاسمان.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار