ڕۆندک فارس: عێراق دەزانێت ھەرێمی کوردستان دەبێتە یاریکەرێکی سەرەکیی وزە لە ناوچەکەدا، بۆیە کیشە دروست دەکەن

لە درێژەی وێبینارەکانی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەموو ڕۆژانی یەکشەممە بەڕێوە دەچێت، خاتوو ڕۆندک فارس قوتابیی دکتۆرا لە ئابووریی سیاسی، بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (داھاتووی ئاسایشی وزەی جیھان) پێشکەش کرد.
خاتوو ڕۆندک، ڕۆشناییی خستەسەر بابەتی وزە کە لەنێو کتیبخانەکانی کوردیدا کەمترین ئیش لەسەر ئەو بابەتە کراوە، یان کەمترین سەرچاوە لەسەر ئەو بابەتە ھەیە، بەڵام بەپێویستی زانی کە هەوڵ بدەین ئەو پێگەیەی هەرێمی کوردستان لەناو نەخشەی وزەی جیهاندا هەیەتی، دەوڵەمەندی بکەین، لە کاتێکدا کە دەوڵەتیش نین، بەڵام پێگەیەکی تایبەتمان هەیە.
ئەو قوتابییەی بواری ئابووریی سیاسی، قووڵایی بابەتی ئاسایشی وزەی گەڕاندەوە بۆ کۆتایییەکانی سەدەی ١٩ و وەک ئاماژەی دا: ئاسایشی وزە و مێژووی ئابووری، گەوهەری زانستی کۆمەڵایەتیی جیهانە و ئەمەش لە کاتی دۆزینەوەی سامانی سروشتیی وڵاتەکان دەستی پێ کردووە، دوای شۆڕشی پیشەسازی، ئەو کاتەی کە گرنگیی زیاتر بە بازرگانیی دەریایی درا، لەو کاتەوە سامانی نەتەوەکان لەناو سامانە سروشتییەکاندا توایەوە و دەستپێکی گرنگیی وزە دەست پێ دەکات، کەواتە لە کۆتاییی سەدەی ١٩ـوە جەنگێک هەیە و بەردەوامە و پێی دەگوترێی جەنگی وزە.
ڕۆندک فارس لە بابەتەکەدا گەڕایەوە سەر پێناسەی ئاسایشی وزە و گوتی، بریتییە لە ئاسایشی دابینکردنی وزە و دڵنیابوون لە وزەی پیویستی ناو هەر وڵاتێک. لەگەڵ ئەم دەربڕینە دەشڵێت: کاتێک باسی جیوپۆلیتیک دەکرێت، گرنگە ئەو کاتە باسی جیوپۆلیتیکی کوردستان بکرێت و گرنگیی کوردستان لە نەخشەی ئاسایشی وزەی جیهاندا دەربخرێت.
دواتر ھاتە سەر باسکردنی قۆناغەکانی ئاسایشی وزە و گوتی: دەتوانین مێژووی ئاسایشی وزە دابەش بکەین بە چەند قۆناغێک و دەبینین کە بۆمان دەردەکەوێت لە پشتی پەردەوە جەنگی ئاسایشی وزە بووە، سێ قۆناغی خستە ڕوو لەم بابەتەدا وەک پێشکەوتنی ئابووریی جیھان، لەوانە:
یەکەم، نەشونمای وڵاتان، واتە دروستبوونی دەوڵەت لە کۆتاییی سەدەی ١٩ـەوە دەست پێ دەکات تا کۆتاییی جەنگی جیهانیی دووەم، ئەو قۆناغە پێی دەگوترێت، قۆناغی نەشونمای دروستبوونی وڵاتان.
قۆناغی دووەم، کە هەرەکاریگەریترین قۆناغە، گرنگیی ئاسایشی وزە لەوێ دەردەکەوێت و دەتوانین بڵێین قۆناغی دەرکەوتن و ونبوونی وڵاتانە و قۆناغێکی کورتە لە کۆتایییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم و تاکوو دەستپێکی جەنگی سارد دەست پێ دەکات.
قۆناخی سێیەم، زۆر زۆر گرنگە بۆ ئیمەی کورد دەبێ پێێ ئاشانا بین، قۆناغی پەرەسەندن و دووبارە بووژانەوەیە لە ساتی دەستپێکردنی جەنگی سارد تا ئێستا، کە ئێمە لەناو ئەو قۆناغەدا دەژین، بەڵام بە ناوی جودا و بە جەنگی جودا.
لەبارەی بۆڕیی نەوتی کەرکوک-حەیفاوە خاتوو ڕۆندک دەڵێت، لە ساڵی ١٩٢٧ دروست بوو، هەموو جیهان چاوەڕوانی ئەو هێڵە بوون کە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن و زۆر کێشە و ململانێ لەسەر ئەو هێڵە دروست بوو، بەڵام تا ئێستا ئەو هێڵە جێبەجی نەبووە و، دەشڵێت: جەنگی داعش کە ڕووی لە کوردستان کرد، قورس بوو بۆ ئیمە، بەڵام بە بڕوای من، جەنگی هێڵی بۆڕیی نەوتی حەیفا دوو بوو، بۆ ئەوەی ببێتە بەدیلی هیڵی کەرکوک-حیفا و، زیاتر ڕوونی کردەوە کە بۆچی جەنگی داعش ڕووی دا و بۆچی لە سنووری عێراق و سووریا و مووسڵ و دوایی ڕووی لە کوردستان کرد، ئەمە بەشێکی زۆری دروستکردنی هێڵی بۆڕیی نەوتی هێڵی حیفا دوو بوو.
لەبارەی ھێڵی نابۆکۆشەوە دەڵێت: لە ساڵی ١٩٩٩ لە کۆنفرانسی ئەورووپا بڕیاریان دا کە هێڵی نابۆکۆ دروست بکەن، کوردستانیش بچێتە سەر ئەو هێڵە و بەشدار بێت لە دابینکردنی وزە بۆ ناوچەکە، بەڵام ئێمە لە کوردستان بە بڕیاری خۆمان نەوتمان هەناردەی دەرەوە کرد و کەوتینە ناو نەخشەی وزەی جیهان.
دەشڵێت: ساڵی ٢٠١٧ دوای ڕیفراندۆمە مەزنەکە، شۆڕشێکمان بەرپا کرد لەبارەی وزەوە کە ڕێککەوتنی ئێمە بوو لەگەڵ ڕووسیا، ئەو ڕێککەوتنەیش گرنگیی زۆری هەبوو و وەرچەرخانێکی ناوچەکە بوو، ئێمە بە دەستی خۆمان چووینە ناو ئاسایشی وزەی جیهانەوە، دەبێ بزانین ئێمە چۆن گەیشتینە سەر دەریا و چۆن باشتری دەکەین.
ڕۆندک فارس ئاماژەیشی دا: لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینادا ئێستا ڕووسیا یەکێکە لە بازاڕە سەرەکییەکانی جیهان و بە پلەی سێیەم دێت، بەڵام چاوەکان ئێستا لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، بەتایبەتی لەسەر سعوودیە و قەتەر بۆ دابینکردنی وزە، بەڵام دوای ئەوان چاوەکان دێنە سەر عێراق و ئەو کاتە کوردستانیش دەبێتە یاریکەرێکی سەرەکیی ناو بابەتەکە، بۆیە عێراقی ئیستا کێشەی یاساییمان بۆ دروست دەکات.
باسی لەوەش کرد کە لەدوای جەنگی داعش، ئێمە پەیوەندیی باشمان دروست کرد، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، ئەمە خۆی بەدیلێکی ستراتیجی بوو.
ھەر لەمەڕ بابەتەکەوە خاتوو ڕۆندک فارس دەڵێت: هۆکاری دروستبوونی جەنگی جیهانیی یەکەم ڕاکێشانی هێڵی بەغداد-بەرلینە، ئەو کاتەی سەردەمی عوسمانییەکان بوو کە ئەورووپا هەوڵی دا گشت وزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە بۆ ئەورووپای ڕۆژهەڵات.
بە بۆچوونی خاتوو ڕۆندک فارس و زۆرێک لە توێژەران، ڕوودانی جەنگی جیهانیی دووەم بۆ ڕێگریکردن بوو لە ئەڵمانیا لە دەستبەسەرداگرتنی وزەی ڕووسیا و باکووری ئەفریقیا کە ئەمە قۆناغێکی دیکەیە.
خاتوو ڕۆندک فارس دەڵێت: بۆ جیاوازیی نێوان سەربەخۆییی وزە و ئاسایشی وزە، ئێمە دەبێت زۆر بەجوانی درک بکەین و بزانین خواستی وڵاتانی دەوروبەرمان چییە.
لە کۆتاییی بابەتەکەیدا لەلایەن ئامادەبووانی وێبنارەکەوە شرۆڤە و بۆچوون و پرسیار لەسەر ئەم بابەتەدا خرایە ڕوو و لەلایەن خاتوو ڕۆندکەوە وەڵام درایەوە.




