ھەکاری: پێکھاتەکان ھەمیشە فاکتەرێک بوون بۆ پاراستنی یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەنەکان

ھەولێر _KDP.info_ سکرتێری حزبی دیموکراتی بەیت نەھرێن گوتی، زیادبوونی کورسیی کۆتا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە بۆ لێک تێگەیشتنی زیاتری فراکسیۆنەکان باڵانسێک ھەبێت، بۆیە ئەوان بۆ لێک تێگەیشتنی لایەنەکان و پاراستنی یەکڕیزی و تەباییی نێوان سەرجەم لایەنەکان بە پێکھاتەکانیشەوە ھەمیشە فاکتەرێک بوون.
ڕۆمیۆ ھەکاری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو حزبی دیموکراتی بەیت نەھرێن ھەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوە بووین کە کورسییەکانی کۆتا لە ھەموو ڕوویەکەوە پارێزراو بن و داوایشمان کردووە کورسییەکان زیاد بکرێن، چونکە زیادبوونی کورسییەکانی کۆتا دەبێتە هۆی ڕێکخستنی زیاتری پەرلەمان و باڵانسێک، ئەگەر لێک تێگەیشتنێک لە نێوان فراکسیۆنەکان ھەبێت، بۆیە ھەندێک لایەن باس لەوە دەکەن کە کورسیی کۆتا کەم بکرێتەوە، وا دەزانن ھۆکاریی کێشە و گرفتەکانی ھەرێمی کوردستان کۆتایە، کە کۆتاکان ھەمیشە پاڵنەرێکی پۆزەتیڤ بوون و ئەگەر گرفتێک ھەبێت لە گۆڕەپانی سیاسیی ھەرێمی کوردستان عاملێکی خێر بن بۆ لێک تێگەیشتنی نێوان لایەنەکان و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی لە نێوان سەرجەم لایەنەکان بە پێکھاتەکانیشەوە و، لەبەر ئەوەی هەبوونی سەقامگیری لە ھەرێمی کوردستان دەبێتە ھۆکاری زیاتر گەشەکردنی پێکھاتەکان دەبێت.''
سکرتێری حزبی دیموکراتی بەیت نەھرێن ڕوونیشی کردەوە: ''پێمان وایە وەکوو حزبەکەی خۆمان، مافی ئێمە یەک پاکێجە، نەک تەنیا باسی یەک پرس بکرێت و پێویستە باسی ھەموو شتێک بکرێت و ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی لەنێوان لایەنەکانی کلد و ئاشووری بە کورسیی کۆتاشەوە ھەبێت، ئەوکات دەتوانین باشتر بەرگری لە کورسییەکانمان بکەین و بیانپارێزین و زیاد بکەین، بەڵام بە پچڕپچڕ مومکن نییە بتوانین، بۆیە داواکارین لە حزبەکانی کلد و ئاشووری بۆ داواکردنی مافەکانمان و باشترکردنی ژیانی خەڵکی خۆمان و دانانی بناغەیەکی گەشتر بۆ خەڵکەکەمان و سەرجەم خەڵکی کوردستان بە یەک ھەنگاو بچینە پێشەوە، بۆیە کە باسی کۆتا دەکەین پێویستە باسی ھەموو کێشەکان بکەین و لەنێو خۆماندا تەبا بین و ئەوکات لەگەڵ برا کوردەکانیش دانیشین .''
ڕۆمیۆ ھەکاری ڕوونیشی کردەوە: ''تا ئێستا لەگەڵ یوئێن کۆ نەبووینەتەوە و تەنھا لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان کۆ بووینەتەوە و ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ شەش حزبی کوردی کۆ بووینەوە و پێش چەند ڕۆژێک لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم کۆ بووینەوە و یەکێک لە ئامانجەکەمان ئەوە بوو لە نزیکەوە دەرباری کۆتاکان و پاراستنی کورسی و زیادکردنی کورسییەکان ئاگاداری داواکاری و بیر و بۆچوون و ھەڵوێستەکانمان بێت و بۆیە پێویستە یوئێن لەگەڵ پێکھاتەکانیش دانیشێت بۆ ئەوەی ئاگاداری داواکاری و چۆنیەتیی داڕشتنی داھاتوویەکی سەقامگیر بێت، بۆیە گرنگە لەگەڵ ئێمەش دانیشێت.''
بڵند ئیبراھیم




