وردەکاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گرانبوونی بازاڕ

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سبەی پەرلەمانی کوردستان بە میوانداری وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر گرانی بازاڕ کۆدەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی ئێمە راپۆرتێکی لەبارەی ھۆکارەکانی گرانبوونی بازاڕ ئامادەکردووە، کە ھۆکارەکانی گرانی بازاڕی خستۆتەڕوو.
دکتۆر رێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە سبەی لەسەر داوای لیژنەی ئێمە پەرلەمانی کوردستان کاتژمێر ١٠ی بەیانی کۆبێتەوە و میوانداری وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە لەسەر گرانی بازاڕ، بۆیە سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی بەڕێوەدەچێت".
دکتۆر رێبوار بابکەیی گوتیشی: "ئێمە وەکو لیژنەی سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی لەپەرلەمانی کوردستان راپۆرتێکمان ئامادەکردووە و تیشکمان خستۆتە سەر ھۆکارەکانی گرانبوونی بازاڕ، کە یەکێک لە ھۆکارەکان بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستانە لەلایەن بەغدا، کە وای کردووە سیولە کەمبێت و کاریگەری بکاتە سەر مووچەی فەرمانبەران و خواست زۆر بێت لەسەر کاڵاکان و بەو شێوەیە نرخی کاڵاکان بەرزبۆتەوە و ھۆکارێکی دیکە ئەوەیە ھەندێک لە بازرگانان سیاسەتی قۆرغکاریان گرتۆتەبەر، کە بەداخەوە کاڵاکان ھەڵدەگرن بۆ ئەوەی نرخەکان بەرزبێتەوە و ھۆکارێکی دیکە ھەڵگیرسانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا وای کردووە نرخی کاڵاکان لە جیھان بەرزبێتەوە و چەند خاڵێکی دیکەش سەرقاڵین ئامادەیان بکەین و راپۆرتەکە بۆ سبەی ئامادەیە".
بڵند ئیبراھیم




