ھەورامی بۆ KDP: کار دەکەین بۆ ئەوەی ئیدارەدانی ئاو بگۆڕین

ھەولێر-KDP.info- بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێدەکات و بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاویش دەڵێ، وشکەساڵی مەترسی لەسەر ھەموو جیھان پەیداکردووە و پێویستە گۆڕانکاری لە ئیدارەدانی ئاودا بکرێت.
د. کاروان ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وشکەساڵی کاریگەری لەسەر ھەموو جیھان پەیداکردووە و ھەر لە ئەفریقاوە تا ناوەڕاستی ئاسیا، ساڵ بۆ ساڵیش کاریگەریەکانی وشکەساڵی زیاتر دەبن، لەبەر ئەوەش بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێویستی بە پلان ھەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی وشکەساڵی".
بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر دوو بنەما کار دەکات لەوانەش ژێرخانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان، بڕیارە حکوومەتی ھەرێم ١٣ پڕۆژە بخاتە بواری جێبەجێکردن لەوانەش دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەی ئاودێری و راکێشانی ئاو".
د.کاروان ھەورامی ڕوونیکردەوە: "ئەوەی زۆر گرینگە ئیدارەدانی ئاوە لە ھەرێمی کوردستان، کە پێویستی بە ھاوکاری و ھیمەتی ھەموو لایەکە و تەنیا ئەرکی حکوومەت نیە، چونکە لەسەر ئاستی جیھان شێوازی ئیدارەدانی ئاو گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و پێویستە ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان ھەست بەو مەترسیە بکەین، بەداخەوە نەبوونی یاسای باش کاریگەری ھەیە لەسەر پلانەکانی ئێمە و کار دەکەین بۆ ئەوەی ئیدارەدانی ئاو بگۆڕین، بەپێچەوانەوە ئەگەر پێداچوونەوەیەک نەبێت مەترسی ھەیە لە چەند ساڵی داھاتوو کارەسات ڕووبدات".
قائید میرۆ




