٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP: پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک لە بەرژەوەندی کوردیش دایە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کورد بەشێوەیەکی گشتی تەنھا لە بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان لەپڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک سوودمەند نیە، ئەگەرنا لەوانەی دیکە ھەمووی سوودمەندە، وەکو بەشە خۆراکی مانگانە و قەرزی جووتیاران و گەڕاندنەوەی ئەفسەر و پۆلیسەکان کە وازیان لە سووپا ھێنابوو ئێستا دەتوانن بگەڕێنەوە و ھەروەھا پشتگیریکردنی پاسەوانی سنوور و ھاوکاریکردنی ڕزگاربووانی دەستی داعش.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک بەشێوەیەکی گشتی لە بەرژەوەندی کوردیش دایە، کە لەوانە پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان کە چەندین ساڵە نەدراوە و ئێستا تێیدا جێگیرکراوە کە بدرێت و تاڕۆژی دەنگدانیش تێیدا نەبوو، بەڵام زیادمان کرد و پارەی جووتیاران بە تەواوی دەدرێت، ھەروەھا لە پارەی بەشە خۆراکی مانگانەش کە ٥ ترلیۆن دیناری تێدایە ھەمووان سوودمەندن و لە پشتگیری پۆلیسی سنوور کە ئێمە لەوەش سوودمەندین و ٢٥ ملیاریش بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش دانراوە، کە ئەوە لەسەر پێشنیازی پارتی بووە و ڕۆژی دەنگدان لەسەر سەکۆی کۆبوونەوە زیادم کردووە و بڕی ٥٠ ملیار دینار بۆ ئاوارەکانی ھەرێم تەرخانکراوە و ھەموو ئەو ئەفسەر و پۆلیسانەی کورد لە سووپابوونە و بەھەر ھۆکارێک وازیان ھێناوە دەتوانن لەچوارچێوەی تەرخانکردنی ٤٠٠ ملیار دینار بگەرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان".

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەو پارەی بۆ کارەبا دانراوە ئێمە لە ناوچە کوردستانیەکانیش لێی سوودمەند دەبین وەکو کوردەکانی ئەو ناوچانە لە کەرکووک و مووسڵ و دیالە، ئەوەی سوودی نیە بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکانە، کە پشکی ھەرێم دانەنراوە و لە کەرکووک ئێمە بەسەدان گرێبەستمان ھەیە کە ٩٠%ی گرێبەستی پۆلیسی نەوت کوردن و لە شارەکانی دیکەش گرێبەستمان ھەیە لەوەش کورد سوودی لێ وەردەگرێت، بۆیە داواکاریمان وابوو بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان لە دەرەوەی بوودجە بێت و تا ٢٠١٤ش وابوو، واتا پێویست بوو پڕۆژەکانی ھەرێمیشی تێدابێت لەو پڕۆژە یاسایە و بۆیان ڕەوانەش کرابوو بەڵام ئەوەیان زیاد نەکرد، ئێمەش وەکو سەرکردایەتی خۆمان پێمان وابوو لەو ھەموو خاڵانەی باسمان کرد سوودمەندین نەبینە رێگر لەدەرچوونی ئەو پڕۆژە یاسایە، کە سبەی خۆراک گران بێت و نەتواندرێت دابین بکرێت، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی کوردیش لەو پڕۆژە یاسایە سوودمەندە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار