٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کارەبا بۆ KDP: مانگی داھاتوو کارەبا زیاد دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بەھۆی ئەنجامدانی چاکسازی لە وێستگەکانی کارەبا لە ھەولێر تا مانگی داھاتوو ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ تۆری کارەبای نیشتیمانی زیاد دەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا دەبێت.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ساڵانە ئێمە تێستێک ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی بزانین خواستی ھەر شارێک بۆ کارەبا چەندە و بەپێی خواستیان کارەبا بۆ دابین بکرێت و ئێمە ساڵانەش ئەو تێستە ئەنجامدەدەین و دەبێتە بەرچاو ڕوونیەک بۆ ئێمە، بۆیە ئەو تێستە بۆ ئێمە گرنگە، کە بزانین خواستی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان چەندە".

ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "چاکسازی لە وێستگە و یەکەکانی کارەبا بەردەوامی ھەیە و تا مانگی حەوت چاکسازیەکان تەواو دەبێت، کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت لە وێستگەی خەبات و ھەولێری غازی، کە بە ھەردووکیان ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ تۆری کارەبای نیشتیمانی زیاد دەبێت، بەگەڕانەوەی  ئەو ٣٠٠ مێگاواتە دۆخی کارەبا باشتر دەبێت و کاریگەری لەسەر زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا دەبێت، ئەگەر خواست لەسەر کارەبا زۆر زیاد نەبێت".

ئەحمەد باسی لەوەشکرد: "ھەوڵدەدرێت زۆرترین کاتژمێرەکانی کارەبا لە وەرزی ھاوین بۆ ھاووڵاتیان دابین بکرێت و ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ١٤ کاتژمێر کارەبا بۆ ھاووڵاتیان دابین دەکرێت".

لە ئێستادابەرھەمی کارەبای ھەرێمی کوردستان ٣ ھەزار تا ٣ ھەزار و ١٠٠ مێگاواتە و خواستیش بۆ  ٤ ھەزار و ٢٥٠ مێگاوات بەرزبۆتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار