٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دۆڵەمەری بۆ KDP: دۆسیەی کورد لە ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا جێگیرە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کورستان، باس لە پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە دەکات و، ئاماژە بەوە دەدات کە پەیوەندییەکان قووڵ و پتەون و، دۆسیەی کورد لە ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسادا جێگیرە، لەمەڕ پەیوەندیی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک ماکرۆنەوە دەڵێت، فەرەنسا و وڵاتانی جیهان دەزانن کە سەرۆک بارزانی پێگەیەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا هەیە و دەتوانێت زۆرێک لە کێشە و بابەتەکان یەکلایی بکاتەوە، هاوکات هەمووانیش دەزانن کە ڕۆڵی گرینگی لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەو وڵاتە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکات و هەوڵی یەکڕیزی و یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکانیش دەدات.

سەرۆک مەسعود بارزانی پێگەیەکی تایبەتی هەیە

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، بە بۆچوونی عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، جگە لە پەیوەندییەکی دووقۆڵیی نێوانیان، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی جیهانیش، بە سەرۆک و سەرکردەکانیانەوە دەزانن کە سەرۆک بارزانی پێگەیەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا هەیە و دەتوانێت زۆرێک لە کێشە و بابەتەکان یەکلایی بکاتەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هەموویان ڕۆڵی گرینگی سەرۆک بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەگشتی، بەباشی دەخوێننەوە.

عەلی دۆڵەمەڕی دەشڵێت: پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوانیان لەم کاتەدا، کە عێراق بەگشتی بە دۆخێکی سیاسیی ناهەمواردا تێپەڕ دەبێت و، بەتایبەتی کە چەندین مانگە هەڵبژاردن کراوە و هێشتا حکوومەتی نوێ پێک نەهاتووە و، چەندین بابەتی دیکە یەکلایی نەکراونەتەوە، ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ پێگەی سەرۆک بارزانی لەلای کۆشکی ئیلێزێ و خودی سەرۆک ماکرۆن.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات کە جگە لەوە، کۆبوونەوە و دیداری جیا و تایبەتی سەرۆک ماکرۆن لەگەڵ سەرۆک بارزانی، لە کاتی سەردانی سەرۆکی فەرەنسا لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا بۆ هەولێر، ئاماژەیەکی ڕوونی دیکەیە بۆ پێگەی سەرۆک بارزانی لای ماکرۆن.

دۆڵەمەڕی ئەوەشی خستە ڕوو: سەرۆک بارزانی چاوی بە چوار سەرۆکی فەرەنسا کەوتووە، کە سەرۆک میتەران و، سەرۆک سارکۆزی و، سەرۆک هۆلاند و سەرۆک ماکرۆنە.

هەڵبژاردنەوەی ماکرۆن هەلێکی دیکەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێم و فەرەنسا

سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی ماکرۆن وەک سەرۆکی فەرەنسا و، دۆستایەتیی ئەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان، عەلی دۆڵەمەڕی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر کەسێک لە فەرەنسا ببێتە سەرۆک، مەلەفی کورد و بابەتی دۆستایەتیی نێوان کوردستان و فەرەنسا لە سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا و کۆشکی ئێلیزێدا مەلەفێکی جێگیرە و جێگەی بایەخە بۆ ئەوان.

ڕوونیشی دەکاتەوە، ئەگەر تەماشا بکەن، پەیوەندییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ پتەوتر دەبن، بۆیە دۆسیەی کورد، دۆسیەیەکی گرینگە بۆ حکوومەتی فەرەنسا. گوتیشی: "بەدڵنیایییەوە بە هەبوونی سەرۆکێک لە کۆشکی ئێلیزێ، کە ئاگاداری دۆزی کورد بێت و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و دۆستایەتیی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە کوردەکان هەبێت، ئەوا پەیوەندییەکان باشتر دەبن، بۆیە بەڵێ بەدڵنیاییەوە بە دووبارە هەڵبژاردەنەوەی ماکرۆن وەک سەرۆکی فەرەنسا، هەلێکی باشمان لە بەردەمە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فەرەنسا بۆ ئاستێکی زۆر باش بەرز بکەینەوە.''

بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، بە بۆچوونی دۆڵەمەڕی، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە جگە لەوەی ماکرۆن خۆی بەباشی ئاگاداری دۆزی کوردە، ڕاوێژکار و ئەو کەسانەیشی کە لەگەڵی کار دەکەن، کورد بەباشی دەناسن، ئەمە لە لایەک و، لە لایەکی دیکەشەوە، پەیوەندیی باش و بەهێز و ڕاستەوخۆی سەرۆک ماکرۆن لەگەڵ بەرپرسانی باشووری کوردستان، بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و، سەرۆکوەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی، ڕێخوشکەرێکی دیکەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و، پاراستنی دەستکەوت و مافەکانی گەلی کورد لە عێراق.

هەرێمی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش هەیە

وێڕای بوونی ئەو پەیوەندییانەی لەسەر ئاستی باڵای حکوومیدا لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسادا هەیە، لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەو وڵاتانەشدا پەیوەندیی هەیە، چ لەسەر ئاستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چ لەسەر ئاستی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزب.

دۆڵەمەڕی باس لەوەش دەکات، کە پەیوەندییە سەرەکییەکان پەیوەندیی فەرمین لە نێوان لایەنی فەرمیی هەردوولا، ئەوەش لەسەر ئاستی باڵا و لەلایەن هەردوو حکوومەت و هەردوو سەرۆکایەتییەکەوە، بەڵام لەسەر ئاستی حزبەکانیش، ئەوان وەک نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە، پەیوەندیی باشیان لەگەڵ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و تەنانەت حزبە ڕاستڕەوەکانیش هەیە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بوونی ئەو پەیوەندییانەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە فەرەنسا وڵاتێکی دیموکراتییە، هەمیشە ئەو ئەگەرە هەیە کە سبەی حزبێکی بچووکی ئۆپۆزسیۆن، یان حزبێکی ئەوپەڕی ڕاستڕەو لە هەڵبژاردنێکدا ببێتە دەستەڵاتدار و بگەنە کۆشکی ئێلیزێ، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە پەیوەندییەکانیدا ئەو ئەگەرانە لەبەرچاو دەگرێت و دوور و نزیک پەیوەندیی باشیان لەگەڵ زۆربەی حزبەکان هەیە و کار لەسەر ئەوە دەکەن کە هەر پارتێکی سیاسی بگاتە ئێلیزێ، کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە قووڵ و پتەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا دروست نەکات.

فەرەنسا کورد بە کاراکتەرێکی سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەزانێت

لەمەڕ بۆچوونی فەرەنسا لەسەر بارودۆخی ئێستای عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە کە ڕەنگە فەرەنسا بە ڕاستەوخۆ دەست وەرنەداتە کاروباری ناوخۆی عێراق و هیچ وڵاتێکی دیکە، بەڵام ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە سەقامگیریی سیاسیی عێراق بۆ فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش گرینگە.

عەلی دۆڵەمەڕی جەخت لەوە دەکاتەوە کە فەرەنسا بەگرینگی و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی سیاسیی عێراق دەکات و دەیەوێت هەرچی زووە لەمپەرەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەت و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نەمێنن و دۆخەکە بەرەو سەقامگیری بڕوات.

بۆ دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دۆڵەمەڕی ئاماژەی بەوە دا کە فەرەنسا هەمیشە لەگەڵ یەکدەنگی و یەکگرتووییی لایەنە سیاسییەکان بووە، بۆ ئەمەش ئەوەی لە توانایدا بێت لە ڕابردوودا کردوویەتی و هەرکاتێکیش پێویست بێت بەدڵنیایییەوە هاوکار دەبێت بۆ ئەوە، بەتایبەتی لە عێراق، چونکە فەرەنسا دەزانێت کورد کاراکتەرێکی سەرەکییە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا و، یەکدەنگی و یەکگرتووییی لایەنە کوردییەکانیش، هەم کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان دەبێت، هەم لەسەر دۆخی عێراق بەگشتی.

بوونی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە هەرێمی کوردستان

16 کۆمپانیای فەرەنسا تا ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان نوێنەریان هەبوو، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لەو وڵاتە، گوتی: ''بەداخەوە هاتنی داعش و تێکچوونی دۆخی ئابووری لە عێراق بەگشتی و، کوردستان بەتایبەتی، دوای بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 بە بڕیارێکی سیاسی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، کاریگەریی نەرێنیی کردە سەر زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆمپانیایەنەی کە ئێوە باسی دەکەن، بەشێک لە کۆمپانیاکان کارەکانیان ڕاگرت، بەڵام ئێستاش چەندین کۆمپانیای فەرەنسی هەن کە لە کوردستان وەبەرهێنان دەکەن.''

ئاماژەی بەوەش دا: جگە لە کۆمپانیاکان، چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان چالاکییان هەیە، کۆمپانیای دیکەی فەرەنسیش هەیە کە ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێت و دۆخی هەرێمی کوردستان جێگیر ببێت، هاوکات حکوومەت ئاسانکارییان بۆ بکات، ئامادەن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.

دۆڵەمەڕی جەخت لەوەش دەکاتەوە: سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بکات، ئەوەش بەمەبەستی وەبەرهێنان لە ناوخۆ و، چاوەڕێ دەکەن لە داهاتوودا، چەندین کۆمپانیای دیکەی فەرەنسی لقیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و تەندروستیدا.

فرێدریک تیسۆ لە ساڵی 2007دا بووە کونسوڵی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و گوتی، چی دیکە لە پرسی کورد دانابڕێت، بەڵام پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان وەک خۆی نامێنێتەوە، هەڵوێستی فەرەنسا لەسەر ئەو گوتەیە، بەلای نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەوەیە کە فەرەنسا پێش ئەو کاتە و دوای ئەوەش لە پرسی کورد دانەبڕاوە و دانابڕێت، چونکە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکان لەوە قووڵترن کە هەردوولا بەئاسانی دەستبەرداریان ببن.

دۆڵەمەڕی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ڕاستەوخۆ هۆشداریی نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستانی نەداوە، بەڵکوو باسی مەترسییەکەی کردووە، فەرەنسا ڕەتدانەوەی بۆ گوتەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووە، چونکە پلاسخارت و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەش، کە دۆستی کوردن، داوای یەکڕیزی و یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان دەکەن، فەرەنسا لەگەڵ کوردستانێکی بەهێزدایە لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراتیدا.

عەلی دۆڵەمەڕی ئەوەشی دووپات کردەوە کە هەرکاتێک مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەبێت، بەدڵنیایییەوە فەرەنسا هەوڵی پاراستنی دەدات، ئینجا مەترسییەکە سیاسی بێت، یان سەربازی، هەروەک چۆن بینیمان لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان، فەرەنسا هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و، سەرۆکی ئەوکاتی فەرەنساش (فرانسوا هۆڵاند)، لە گەرمەی شەڕەکەدا، وەک یەکەم سەرۆکی وڵاتانی ئەورووپی سەردانی باشووری کوردستانی کرد و، لەگەڵ سەرۆک بارزانی بەرەکانی جەنگیان بەسەر کردەوە. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنساوە، ئەوە بە پەیامێکی ڕوون و بەهێزی فەرەنسا ناو دەبات کە چەندە بەتەنگ پاراستنی کوردستانەوەیە.

ئەوەیشی وەبیر هێنایەوە کە سەرۆک ماکرۆن توانیی بە داوەتکردنی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس، ئابڵۆقەی سیاسی و دیپلۆماسیی سەر هەرێمی کوردستان بشکێنێت، کە دوای ڕووداوە نەخوازراوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دروست ببوون.

دۆستایەتیی کورد و فەرەنسا مەلەفێکی جددییە

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەلەفی کورد و دۆستایەتییان لەلایەن فەرەنسییەکانەوە، مەلەفەکی جددییە و هەرواش دەمێنێتەوە، بۆیە پێی وایە لە داهاتوودا باشتریش دەبێت، ئێستا نییە و لە ڕابردووی دووریشدا فەرەنسا وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لە ناوچەکە، هاوکات وەک هاوڕێ سەیری گەلی کوردی کردووە، نموونەشی بە بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هێنایەوە کە لەسەر پێشنیاری فەرەنسا بووە، هەتا پاراستن و هێنانی ئاواراکانی کوردی باشووری کوردستانیش لە کەمپی ماردینی باکووری کوردستان بۆ فەرەنسا لە سەرەتای نەوەدەکان، تا دەگاتە شکاندنی ئابڵۆقەی سەر هەرێمی کوردستان لە کاتی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری 2017، ئەمانە هەمووی بەڵگەی سەرەکیی بوونی کورد و پرسەکەیەتی لە ئەجێندای فەرەنسادا.

لە کۆتاییشدا، ئەوەی جێگای دڵخۆشییە بەلای نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوەیە کە ڕای گشتیی خەڵکی فەرەنسا لەگەڵ کورد و هەرێمی کوردستاندایە و، خەڵکی ئەو وڵاتە، بەگشتی کورددۆستن، ئەوەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەردوو گەل، بەهاکانیان یەکن و تێ دەکۆشن بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین.

 

دیمانە: خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار