٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''دوو پڕۆژەی ستراتیژیی گەشتیاری لە دھۆک جێبەجێ دەکرێن''

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک –KDP.info - ژمارەی گەشتیاران بۆ سنووری پارێزگای دھۆک زیادی کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆکیش دەڵێت، دوو پڕۆژەی ستراتیژیی لەژێر جێبەجێکردندان و پلانیان ھەیە ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران زیاد بکەن بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.

د. خەیری عەلی ئۆسۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمسال تا ئێستا ٨٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای دھۆکیان کردووە و پلانمان ھەیە ژمارەی گەشتیاران بۆ دھۆک زیاد بکەین، ساڵی ڕابردوو یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی دھۆکیان کردبوو، بەڵام ساڵی ٢٠١٩ تەنیا ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی دھۆکیان کردبوو، ئەوەیش بەھۆی ڕەوشی کۆرۆناوە.''

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک گوتیشی: "ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی گەشتیاری کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش نۆژەنکردنەوەی ھۆتێلی حەجەری لە ناحیەی سەرسنگ، تا ئێستا ٤٠%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و بە تەواوبوونی کاریگەریی لەسەر ڕەوشی گەشتوگوزار دەبێت، ھەروەها پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیژی لەلایەن وەبەرھێنەرێک لە سنووری ناحیەی دێرالۆک جێبەجێ دەکرێت، ئەویش پڕۆژەیەکی گەورەیە.''

د. خەیری عەلی ئۆسۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''گەشتوگوزاری دھۆک خەریکی ئامادەکارییەکانە بۆ کردنەوە دووەم پێشانگای گەشتیاری لە دھۆک، ساڵی ڕابردوو یەک پێشانگا بەڕێوە چوو، دەمانەوێت پێشانگای ئەمساڵ جیاواز بێت، بەتایبەتی زۆرترین ژمارەی کۆمپانیای بیانی بەشداری تێدا بکات، ھەروەھا ئاسانکاریی زۆر دەکرێت بۆ ھێنانی گەشتیار و لە بازگەکانی دھۆک شێوازی پێشوازی لە گەشتیاران کاریگەریی ھەبووە لەسەر ھاتنی گەشتیار.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار