چەندین پڕۆژەی شوێنەواری لە واری جێبەجێکردندان

دھۆک _KDP.info_ بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دھۆک گوتی، لە بواری دۆزینەوەی شوێنە شوێنەوارییەکان و نوژەنکردنەوەی شوێنە شوێنەوارییەکاندا کاری زۆر باشیان کردووە و بەردەوامیشن و بەردەوامیش دەبن بە ھاوکاریی یونسکۆ و چەندین تیمی دیکەی بیانی لە زانکۆ جیاجیاکانەوە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپوری دھۆک، دکتۆر بێکەس بریفکانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپوری پارێزگای دھۆک ئەنجامی ھەڵکۆڵینی شوێنەواری کەموونەی بە ھەماھەنگیی زانکۆی توبینگن و فرایبورگ و ڕێکخراوی شوێنەواریی کوردستان ڕاگەیاند و دۆزینەوەی شارێکی لەسەر لێواری ڕووباری دیجلە ڕاگەیاند کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی میتانی و ٣ ھەزار و٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا و ئەو شارە دوای ئەوە دەرکەوت کە ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ بەھۆی وشکەساڵی سەرەتای ئەم ساڵەوە کەم بووەوە، کە باڵەخانەیەک و ژمارەیەک خانووی مەزن لەخۆ دەگرێت و ئەنجامی سەرەتاییی ئەوە ڕادەگەیەنێت کە شاری زاخیکوی کەڤنار یەکێک لە سەنتەرە مەزن و گرنگەکانی سەردەمی میتانییەکان بووە و مێژووەکەی بۆ ھەزار و٥٥٠ تا ھەزار و٣٥٠ی پێش زایین دەگەڕێتەوە.''
دکتۆر بێکەس بریفکانی گوتیشی: ''خانووەکانی ئەو شارە ھەندێکیان دووقاتن و ھەندێکیان بۆ عەمبارکردن بەکار ھێندراون و کۆمەڵگایەکی پیشەسازییش بووە و تا ڕادەیەکی باش توانراوە نەخشەی ئەوشارە دیار بکەن وەکوو ژوور و دیواری گەورە و شوێنی چاودێری و زۆر باڵەخانەی دیکە.''
دوکتۆر بێکەس بریفکانی ڕوونیشی کردەوە: ''نزیکەی ١٠٠ تابلۆی بزماری دۆزرانەتەوە کە بۆ سەردەمی ئاشووری ناوەڕاست دەگەڕێتەوە و چەندین تابلۆی سەردەمی میتانی، کە مێژووەکەی بۆ نەینەوا پێنج تا کۆتاییی سەردەمی عوسمانی دەگەڕێتەوە.''
بەڕێوەبەری شوێنەواری دھۆک ڕاشیگەیاند: ''لەگەڵ جونەید سوروش، بەرپرسی بەشی کولتووری لە ڕێکخراوی یونسکۆ و، بەڕێز ڕۆمان حوسێن، لە بەشی یونسکۆ لە ھەولێری پایتەخت، سەردانی شوێنەواری ئامێدیمان کرد، لەوانە خوێندنگەی قوبەھان و کەنیسەی جووەکان و کوری سریج و گۆڕستانی میرا، بۆ ئەوەی ھەندێک پڕۆژەی شوێنەواری جێبەجێ بکەین، ھاوکات دەرگای بادینان ئێستا کاری نوژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت بە ھاوکاریی زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکی.''
دوکتۆر بێکەس بریفکانی گوتیشی: ''لە بواری شوێنەواریدا پڕۆژەیەکی زۆرمان لە واری جێبەجێکردندان و بڕیارە جێبەجێ بکرێن، وەکوو شوێنەواری جەروانە و خنس و پەرستگای لالش و خانا ئێزدی و جوارستین.''
بڵند ئیبراھیم




