سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد و لە دیدارەکەدا شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ھێرشی تیرۆریستی دوێنێ شەوی سەر شاری ھەولێریان کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد کە لە ھەردوو پەرلەمانتار ماکس لوکس و قاسم تاھر ساڵح پێکھاتبوو.
لە دیدارەکەدا، شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا، بە توندترین شێوە، سەرکۆنەی ھێرشی تیرۆریستی دوێنێ شەوی سەر شاری ھەولێریان کرد و ئاماژەیان بە پێگەی گرنگی ھەرێمی کوردستان دا و جەختیان لە پشتیوانیی ئەڵمانیا لە سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت، وێڕای سوپاسکردنی ئەڵمانیا بۆ ھاوکارییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، خواستی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا لە ھەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری ھەمەجۆرکردنی ئابووری، برەودان بە وەبەرھێنانی ئەڵمانی و گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.




