ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر کارەساتی ئۆردوگای زێوە تێدەپەڕێت

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر کارەساتی بۆردومانی ئۆردوگای زێوەی رۆژھەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت و چەند شایەتحاڵێکی رووداوەکەش دەڵێن، بە ئامانج گرتنی ئاوارە و پەنابەرانی شۆڕش لەلایەن رژێمی بەعسەوە زیاتر ئێمەی ھاندا بەردەوامبین لەخەبات و قوربانیدان بۆ ئازادی کوردستان.
دڵدار ئیسماعیل، ئاوارەی ئهوكاتی زێوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "لە کارەساتی بۆردومانی ئۆردوگای زێوەدا ھاوسەر و منداڵێکم بوونە قوربانی و شەھیدبوون، ھەرچەندە ئێمە لە ئاوارەیی دابووین و ژیانمان لەو پەڕی خراپیدا دەگوزەراند، سەرەڕای ئەوەش خۆراگربوون لەبەرامبەر تەحەدیەکانی ژیان و لەلایەک نەبوونی و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری، لەلایەک دیکەوە خەریکی پێشمەرگایەتی و بەڕێوەبردنی شۆڕش بووین، بەڵام یەک ڕۆژ سارد نەبووینەوە لە خەباتی خۆمان و تا دەھات زیاتر خەباتمان بۆ ئازادکردنی کوردستان دەکرد".
ئۆردوگای زێوە دەکەوێتە دەشتی ملگەوەری رۆژھەڵاتی کوردستان و دوای خیانەتی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ بە ھەزاران ئاوارەی باشووری کوردستان وەک پەنابەری سیاسی تێیدا نیشتەجێبوون، ڕۆژی ٩ی حوەزیرانی ساڵی ١٩٨٥ لەلایەن ژمارەیەک فڕۆکە جەنگیەکانی رژێمی ئەوکاتی عێراق ئۆردوگای زێوە کرایە ئامانج و لە ئەنجامی کارەساتەکەی زێوەدا سەدان ھاووڵاتی سڤیل شەھید و برینداربوون.
خۆشەوی عەلی کانیەلنجی، چالاکی بواری جینۆساید، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ بەدرێژایی ئەو ساڵانە شەڕی نێوان ئێران-عێراق بەڕێوەدەچوو، ٩ جار زێوە کرایە ئامانج و بۆردومانکرا، ئەمە لەکاتێدابوو بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمە پەنابەری سیاسی بووین لە ئێران، دەبوایە ژیان و کەرامەتی ئێمە پارێزراوبێت، بەڵام دوور لەھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی و یاسا و رێسای نێودەوڵەتی، رژێمی عێراق دەستی چووە خوێنی ژن و منداڵی پەنابەر، بەداخەوە کارەساتی زێوە خاڵێکی دیکەی رەشە له مێژووی رژێمی ئەوکاتی عێراقدا".
ئەو چالاکوانە کە شایەتحاڵی کارەساتی زێوەشە گوتی: "لەکارەساتی ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی زێوەدا نزیکەی ١٥٠ پەنابەر شەھید و نزیکەی ٤٠٠ پەنابەریش برینداربوون، لەنێو شەھیدەکاندا ھەبوو پارچەکانیشی دیارنەبوون ئەوانەشی بریندارن ئێستاش ھەندێکیان بەھۆی دژواری برینەکانیان دەناڵێنن، بەپێی ھەموو بەڵگەکانی بەردەست کارەساتی زێوە بە جینۆساید ھەژمار دەکرێت، دوای پرۆسەی ئازادی عێراقیش ھەموو بەڵگەکان رادەستی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق کران".
قائید میرۆ




