٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێبەر ئەحمەد: مەسرور بارزانی لە بارەی هێرشەکە لە گەڵ کازمی قسەیکردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە و جەختیان لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی ئەمشەوی سەر هەولێر کردووەتەوە و دەشڵێت، "گرووپی بەدەر لە یاسا هێرشەکەیان ئەنجامداوە."

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە سەردانی بریندارانی هێرشەکەی ئەمشەوی سەر هەولێری کرد و رایگەیاند، "ئێمە نازانین ئامانجی درۆنەکە چی بووە، درۆنەکە لە شوێنێک کەوتووەتە خوارەوە کە هیچ بارەگایەکی لێ نییە، کە ئۆتۆمبێلی خەڵکی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە، ئێمە بە دیاریکراوی نازانین ئامانجی درۆنەکە چی بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەگەنە ئامانج، ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتووە هەر ئەو شوێنانەی پێشووە کە هەڕەشەکانی لێوە هاتووە."

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "بەداخەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر هەولێر و چەند کەسێک برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستیی باش نییە، هیوادارم کە بە تەندروستییەکی باشەوە هەڵبستنەوە، ئەوە چەندینجارە ئەو رووداوانە دووبارە دەبێتەوە لەلایەن چەند گرووپێکەوە کە لە یاسا بەدەرن."

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "دەزگا ئەمنییەکانمان راسپاردووە کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە بکەن، هەروەها جەنابی سەرۆکی حکومەت بە تەلەفۆن لەگەڵ مستەفا کازمی قسەیکردووە و، ئاڵۆگۆڕی زانیارییان کردووە بۆ ئەوە سنوورێک دابنێن بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو رووداوانە و، هەوڵی هاوبەش هەبێت کە سەرچاوەی هەڕەشەکە بدۆزرێنەوە و ئەوانەی هەستاون بەو کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوە و پێشکێشی دادگە بکرێن و سزا بدرێن."

 

هەواڵی پەیوەندیدار