جیھاد حەسەن: داوامان کردووە حکوومەت پاڵاوگەیەکی بەنزین دروست بکات
__2022_06_08_h16m24s32__ER.jpg)
هەولێر –KDO.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پێداچوونەوە بە سیستەمی سووتەمەنیدا دەکرێت و دەشڵێت، داوایان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین پاڵاوگەیەکی سەر بە حکوومەت دروست بکرێت.
جیھاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان لیژنەی سامانە سروشتییەکان بەدواداچوونی دەست پێ کردووە و بەداخەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان، کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەبێت. جگە لەوەش، ھەندێ ماددەی دیکە تێکەڵ بەو بەنزینە دەکرێت کە لەناوخۆ بەرھەم دێت، ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر کواڵێتیی بەنزین ھەیە.''
ئەندامەکەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان گوتیشی: ''ژمارەیەک پێشنیاز دەدرێت بە حکوومەت بۆ ئەوەی ڕەوشی بەنزین و سووتەمەنی ئاسایی بکرێتەوە، لەوانەش چاودێریی بازاڕ لەلایەن دەزگا فەرمییەکانی حکوومەتەوەیەوە، بۆ ئەوەی ھەم لە ڕووی نرخەوە، ھەم لە ڕووی کواڵێتییەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.''
جیھاد حەسەن ڕوونیشی کردەوە: ''لەبەر ئەوەی کێشەی بەنزین بەردەوام ھەیە، داوامان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە پاڵاوگەیەک دروست بکات و پاڵاوگاکە سەر بە حکوومەتی ھەرێم بێت بۆ بەرھەمھێنانی بەنزین، چونکە ئێمە پێمان وایە دروستکردنی پاڵاوگە تاکە چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی کێشەی بەنزین.''
قائید میرۆ




