"بەجووتسایدکردنی ڕێگای نێوان شارەکان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە"
__2022_06_08_h15m23s14__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایدەگەیەنێت، ڕێگای نێوان شارەکان دەکرێنە جووتساید و ئێستاش کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و چەندین ڕێگا بەجووتساید دەکرێن و حکوومەتی ھەرێمیش پشتگیریی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەریوان مەلا حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ پاڵپشتی و پشتگیریکردن لە وەزارەت، سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد و وەزیری ئاوەدانکردنەوەش باسی لەوە کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەت و ئەنجومەنی وەزیران ھەنگاوی گرنگ نراون، بەڵام کۆمەڵێک پڕۆژە ھەن کە پێویستە بەخێرایی تەواو بکرێن، لەوانە ڕێگەی جووتسایدی نێوان پارێزگاکان و ڕێگەی جووتسایدی کەلار-دەربەندیخان، ھەولێر-کۆیە، دوکان-چوارقوڕنە، کۆڕێ-شەقڵاوە، چۆمان-حاجی ئۆمەران، بەردەڕەش-کەڵەک و چەند ڕێگایەکی دیکەش''.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ''لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕێگاوبان ئەولەویەتە و پەیوەندیی بە ھەموو تاکێکی کۆمەڵگاوە ھەیە. جگە لەوەش، لە بواری نیشتەجێبوونیشدا وەزارەت کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی ھەیە، کە خۆشبەختانە لە کۆبوونەوەی ڕابردوودا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت چارەسەری گونجاو پەسەند کرا بۆ تەواوکردنی نۆ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشین و کەمدرامەتەکان، کە وەزارەتی ئێمە جێبەجێی دەکات.''
مەریوان مەلا حەسەن باسی لەوەش کرد: ''دەست بەجێبەجێکردنی بەجووتسایدکردنی ڕێگای نێوان شارەکان کراوە و کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە شاندەکەی حکوومەتیش ھاتبوون گوێ لە وەزارەت و پێداویستییەکان بگرن و پڕۆژەکان چین و چیمان پێ دەکرێت و چی بکرێت، لەبەر ئەوەی ڕێگای ڕانیە بۆ چوارقوڕنە ٩٨%ی تەواو بووە و جووتسایدی نێوان دھۆک بۆ ڕوڤیا و کۆپاڵ بۆ ھەولێریش تەواو بووە و سلێمانی بۆ کەلار ١٥%ی تەواو بووبوو، ئێستا ٥٥%ی تەواو بووە و ھەولێر بۆ حاجی ئۆمەران و ئەوەی دەچێتەوە بۆ تونێلی شەقلاوە دەکرێتە جووتساید، بۆیە کاری باش کراوە و بەردەوام دەبین تا نێوان شارەکان ھەموو دەکرێتە جووتساید.''
بڵند ئیبراھیم




