٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژە لە بواری کارەبادا جێبەجێ دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا چەندین پڕۆژەی کارەبا لە بواری جێبەجێکردندان، کە کارەبا لە خۆر و ئاو و دووکەڵی گازی بەفیڕۆچوو بەرهەم دەهێنرێت، ئەمە شێوازێکی زۆر باشە بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و تێچووشی زۆر کەمترە، چونکە دابینکردنی گاز تێچووی زۆرە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سێ پڕۆژە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک لەژێر جێبەجێکردندان کە توانای بەردەوامی بەرھەمھێنانی ٧٥ مێگاواتی کارەبایان بە شێوەیەکی بەردەوام ھەیە''.

ئومێد ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەش، ئێستا چەند پڕۆژەیەکی دیکە جێبەجێ دەکرێن کە کارەبا لە ئاو بەرھەم دەھێندرێت و ئەوەی ئێستا کاری تێدا دەکرێت نزیکەی ٣٠٠ مێگاوات کارەبای بەرھەم دەبێت".

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "جگە لەوەش، پڕۆژەمان ھەیە کارەبا لە دووکەڵی گازی بەفیڕۆچوو بەرھەم دێنین، ئەمەش لە گەرمیان جێبەجێ کرا کە ١٦٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دێنێت، هەروەها پڕۆژەیەکی دیکەی ھاوشێوەشمان لەژێر دیراسەکردندایە".

ناوبراو گوتیشی: "ئامانجمان ئەوەیە کە شێوازی بەرھەمھێنانی کارەبا بگۆڕین و بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا سوود لە ئاو و خۆر و دووکەڵی گازی بەفیڕۆچوو وەربگرین، چونکە تێچووی کەمە و وەکوو گاز نییە کە تێچوویەکی زۆری دەوێت".

لە ھەرێمی کوردستان ژێرخانی بەرھەمی کارەبای ھەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش ھەزار مێگاواتە، بەڵام بەھۆی نەبوونی گاز چەندین یەکەی کارەبا کار ناکەن، چونکە گازێکی زۆری پێویستە و تێچووەکەشی زۆرە.

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار