٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی رۆشنبیری: ئومێدەوارین حكوومەتی توركیا رێگە لەو هەڵمەتی چەواشەکارییە بگرێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سەبارەت بە درامایەکی تورکی کە تێیدا باسی هەرێمی کوردستان کرابوو، یاداشتێکی نارەزایەتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو درامایە و هاوشێوەكانی بۆ ڕازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن.

دەقی یاداشتی ناڕەزایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

لە کەناڵی (atv) تورکی زنجیرە درامای (گورگی تەنیا) پەخش دەکرێ. ئەم درامایە بەرهەمی كۆمپانیاكانی (توركواز میدیا)ی نزیك لە حكوومەتی توركیایە، (عوسمان سناڤ) بەرهەمهێن و (جاغاتای تۆسۆن) دەرهێنەری دراماكەیە، (عەلی ئالپەر و موراد كوچا) سیناریۆكەیان نووسیوە.

(گورگی تەنیا) باس لە مێژووی توركیا و شەڕی نێوان توركیا و PKK  دەكات، هەروەها باسی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەمریكا دەكات. لە چەندین ئەڵقەیدا بە نەفەسێکی دوژمنکارانە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات و هەموو کارتەکان تێکەڵ دەکات تا ڕادەی تێکەڵکردن لەگەڵ داعشی تیرۆریستدا. بۆ نموونە لە ئەڵقەی (١٩) کە ڕۆژی ٣/٦/٢٠٢٢ پەخشکراوە، لە دیمەنێكدا كە باسی دادگاییكردنی توركێكە لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان، لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی سەرۆك مەسعود بارزانی دانراوە، سوكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ جوگرافیایەك بەناوی كوردستانەوە نییە و مووسڵ و كەركووك دوو شاری توركمانین و گەورەترین شەقامی هەولێریش ناوی (موزەفەرەدین گۆكبۆرو)ە، وەک ئاماژەیەک کە هەولێریش شارێکی توركمانییە.

هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراقدا، خاکی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەدان هاووڵاتی و کۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردستاندا بە کورد و تورکمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاکان.

بەلای ئێمەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم درامایە سووکایەتییە بە هەموو ئەو ڕاستییانە و زیانیان  پێدەگەیەنێت، دوورە لە بەهای هونەریی كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوزییەكانی پێیە، نەك ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر.

لە کاتێکدا ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە کە پێویستە هەمووان ڕێز لە جیاوازییەكان بگرین و وەک دوو دراوسێ، برایانە پێکەوە بژین، هاوکات ئومێدەوارین حكوومەتی توركیاش رێگە لەو هەڵمەتی چەواشەکارییە بگرێ کە لەلایەن هەندێک خەڵکی قین لە دڵ و نەژادپەرستەوە دەدرێت بۆ ئاڵۆزکردنی پەیوەندی نێوان گەلان.

ئێمە دەزانین ئەو درامایە و دراما هاوشێوەكانی كە پێشتریش بەرهەمهاتوون بۆ ڕازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن و جگە لە زیانگەیاندن بە بەهاکانی هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەما مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیی نێوان گەلان، هیچی تریان لێ بەرهەم نایەت.

لێرەوە ناڕەزایەتی خۆمان دەگەیەنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (atv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سوكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە کەم سەیرکردنی بەرامبەرەكانیان.    

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان                                     

٨/٦/٢٠٢٢

هەواڵی پەیوەندیدار