شەریف سلێمان: بەبێ پێشمەرگە پێکهاتەکان لە مەترسیدان

نەینەوا-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق کە خەڵکی دەشتی نەینەوایە، دەڵێت، ئێستا پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا لە مەترسیدان، چونکە ناوچەکانیان لە دەست گرووپە چەکدارەکاندایە.
شەریف سلێمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بەبێ پێشمەرگە پیکهاتەکان لەم ناوچانە لە مەترسییەکی گەورەدان، گەڕانەوەی خەڵکیش بۆ ناچەکانیان بەندە بە گەڕانەوەی پێشمەرگەوە''.
دەشڵێت: ''خەڵکیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەمنیەتی ناوچەکە لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە، چونکە بینیمان لە هاتنی داعشدا پێکهاتەکان کەوتنە بەر پەلامارێکی گەورە و زیانی گەورەیان پێ کەوت.''
"سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''بۆ هەموو دونیا دیار بوو کە ئەوەی توانیی بەرگری لە پێکهاتەکان بکات و کڵێسا و مەزارگە ئێزدی و کاکەیی و پێکهاتەکانی دیکە بپارێزێت، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو، بۆ ئاوارەبوونی پێکهاتەکانیش هەر هەرێمی کوردستان توانیی ببێتە مەڵبەندێ پارێزەری پێکهاتەکان و ئەمەش لە دونیای دەرەوەدا کاردانەوەیەکی ئیجابیی بەدوای خۆیدا هێنا.''
بە بڕوای سلێمان، دەبێت حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێک بکەون بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، بۆ ئەوەی ئەم ناوچانە چۆڵ نەبن لە پێکهاتەکان.
کاروان باعەدری




