شاندێکی کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پاری دیموکراتی کوردستانی کرد

هەولێر-KDP.info- لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەلایەن بەرپرسی مەکتەب و بەرپرسی چەند دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی کرا لە شاندێکی کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و وێڕای دەستخۆشی لە کار و چاڵاکییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی کە دوای یەکەم کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆن توانیویانە لە چەندین وڵات دەزگا و ناوەندی تایبەت بە ڕەوەندی کوردستانی دروست بکەن و پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ چەندین دامەزراوەی تری کوردستانی لە دیاسپۆرا بنیاد بنێن بۆ هاوکاری و کارکردن بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و برەودان بە چالاکییەکان و بەرەوپێشبردنی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لەناو ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا.
لە دیدارەکەدا، شاندەکە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و چەند ڕاپۆرتێکیان لەسەر بزاڤی کار و چالاکییان لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد کە هیوابەخشن بۆ بەردەوامیدان بە کاری پێکەوەیی و هاوکاری و هاوهەڵوێستی لە نێوان ڕەوەندی کوردستانی، کە هەوڵ بدرێت دامەزراوە کوردستانییەکان لە دەرەوەی وڵات بتوانن پێکەوە هاوکار بن بۆ ئەوەی لە رێگەی دۆستانی کوردستان لە دەرەوە لۆبی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد بکەن و خزمەت بە کولتوور و زمان و مێژوو و ڕەسەنایەتی و کۆمەڵگای کوردستانی بکەن لە دەرەوە، بەتایبەتیش بۆ ئەوەی باشتر خۆیان بگونجێنن لەگەڵ کۆمەڵگای ئەو وڵاتانەی کە لێی دەژین و ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێسا و تایبەتمەندییەکانی وڵاتان و ڕۆڵیان هەبێت لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیییە کوردستانی و بیانییەکان و بەتایبەتیش لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمایەتی و ناوچەیی، کە زۆرترین کاندیدی کورد لە ڕیزی پارتە سیاسییەکان ببن بە بەربژێر بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەکان و هەروا کوردستانیانی دەرەوەی وڵات دەنگ بە دۆستانی کوردستان بدەن لەسەر ئاستی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەیان، یان بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، بۆ ئەوەی لەنێو دامەزراوە گرنگەکانی وڵاتاندا زۆرترین دۆستی کورد ببن بە خاوەن پێگە و بەرپرسیارێتی.
هەروەها هەوڵدان بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی بەهێزتر لە نێوان کوردستانیانی دەرەوەی وڵات لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوودوەرگرتن لە پسپۆڕیی کوردانی دەرەوەی وڵات لە بوارە جیاجیاکان و کۆچی پێچەوانە لە تاراوگەوە بۆ خزمەتی کوردستان و هەوڵدان بۆ لێک تێگەیشتن و یەکگرتنەوەی هەموو ئەو دامەزراوە کوردستانییانەی کە ئامانجی هاوبەشیان هەیە بۆ خزمەتی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵ و تێکۆشانی کوردستانیانی دیاسپۆرا بەرز دەنرخێنێت و ئامادەی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکە بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە بۆ خزمەتی کوردستان بەردەوامی بە کار و چالاکی بدەن لە هەموو ئەو بوارانەی کە میللەتەکەمان پێویستی پێیەتی، کە ئەم هەنگاوە گرنگە لەسەر بڕیار و ڕاسپاردە و پشتگیری ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەنگاوی باشی بڕیوە و بۆ ئێستا و ئایندەش هیوابەخشن و دەبنە چرای گەشی ڕێی خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵگای کوردستانی لە دیاسپۆرا بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و و پێکەوەژیان و ئاشتی و لێبووردەیی و بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی.
شایانی باسە شاندی کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی پێکهات بوو لە ئیسماعیل کامل، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سوید و سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، تاهیر هەورامی، لە دێسکی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی، هەورامان عەلی، جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن، سەلام کوردە، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردی لە سوید، مەمێ مەمۆیی، ئەندامی کۆمیتەی گشتیی کۆنفیدراسیۆن و بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردی لە ڕووسیای فیدراڵ و کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو.




