"ڕۆژی پێنجشەممە فۆڕمی شوقەی کرێنشینان بەردەست دەبێت"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە کۆتاییی ئەم حەفتەیە فۆڕمی وەرگرتنی شوقەی کرێنشینان بە ئۆنڵاین دابەش بکرێت و سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش دەڵێت، لەسەر داوای کرێنشینان گۆڕانکاری کراوە.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ڕایگەیاند: ''سبەی، چوارشەممە ٨/٦/٢٠٢٢، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کۆ دەبێتەوە و تا ڕۆژی پێنجشەممە دەست بە بڵاوکردنەوەی فۆڕمی سوودمەندبوون لە وەرگرتنی شوقەی کرێنشینان بەردەست دەبێت و بە شێوەیەکی ئۆنڵاین ھاووڵاتییان دەتوانن فۆڕمی شوقەی کرێنشینان پڕ بکەنەوە''.
لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کرێنشین و کەمدەرامەت دروست دەکرێت و بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش کراون.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتی: "لەسەر داوای کرێنشینان پێداچوونەوە بە پڕۆژەی دروستکردنی ٢٠ ھەزار شوقەی کرێنشینان دەکرێت، چونکە دەمانەوێت زیاتر لە خزمەتی ئەواندا بێت و کرێنشینان دڵنیا کراونەتەوە کە دروستکردنی ئەو ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە.''
قائید میرۆ




