٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''دەستەیەک بۆ پەروەردە و خوێندی باڵا دادەمەزرێت''

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە دەستەیەک بۆ متمانەدان بە پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابمەزرێت و ئەندامێکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دەستەکە ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت بۆ کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.

گولستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پڕۆژەیاسایەک ئامادە کراوە و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کراوە بۆ دامەزراندنی دەستەیەک بۆ متمانەدان بە پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، پڕۆژەکە لەبەردەستی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵادایە و پێشکەشی لیژنەی یاسایی دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش تێبینی خۆیان لەسەر پڕۆژەکە دیاری بکەن.''

گولستان باقی ڕوونیشی کردەوە: "ھاوشێوەی دەستەکانی دیکە، دەستەی متمانەدان بە پرۆگرامەکانی خوێندن ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت، بەڵام دامەزراندنی دەستەکە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە دەبێتە شوێنگرەوەی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، چونکە لە زۆر وڵاتی جیھان دەزگای ھاوشێوە ھەیە، بۆ نموونە لە بەریتانیا دەزگایەکی ھاوشێوە ھەیە، هەرکاتێک بڕوانامەیەک گومانی لەسەر بێت، لەلایەن ئەو دەستەیەوە پشتڕاست دەکرێتەوە.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار