''سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ دەبێتەوە''

هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی، ڕۆژی چوارشەممە ٨/٦/٢٠٢٢، ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ ببێتەوە و ئەندامێکی ئەنجوومەنیش دەڵێت، لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەندا دەنگ لەسەر ھەردوو کاندیدی قایمقامی پیرمام و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر دەدرێت.
خانزاد مام وسو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە سبەی، ڕۆژی چوارشەممە ٨/٦/٢٠٢٢، ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەی ژمارە ١٠٠ی ئاسایی بەڕێوە ببات و کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت، لەوانە دەنگدان لەسەر کاندیدی پارێزگای ھەولێر بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر و دەنگدان لەسەر کاندیدی پارێزگا بۆ پۆستی قایمقامی قەزای پیرمامە.''
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ھەموو بەڕێوەبەرێکی گشتی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە متمانەی پێ دەدرێت و لەو چوارچێوەیەشدا سبەی قایمقامی پیرمام و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ھەولێر بە دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن دیاری دەکرێت.''
خانزاد مام وسو گۆتیشی: ''ھەر لە کۆبوونەوەکەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێردا ڕاپۆرتی لیژنەی ناوخۆ لەبارەی گوندی گانیجی سەروو دەخرێتە بەردەست ئەندامانی ئەنجومەن، کە نوسراوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە لەبارەی گوندێکی سنوورەکەوە.''
قائید میرۆ




