ئاوی بەنداوی دووکان کەمترە و دەربەندیخانیش زیاترە

ههولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، بەنداوەکانی دەربەندیخان و دووکان سێ ملیار و ١٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاویان تێدایە و بەرنامەی شەش مانگیمان بۆی ھەیە، ساڵی نوێش پێنج بەنداوی تر ئاو خەزن دەکەن.
ڕەحمان خانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ملیارێک و ٢٠٠ مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان ھەیە، دوو ملیار و ٩٠٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاویش لە بەنداوی دووکان ھەیە، ھەروەھا ٢٠٠ ملیۆن مەتر سێجاش ئاو لە بەنداوی دووکان لە ساڵی ڕابردوو کەمترە، بەڵام بەنداوی دەربەندیخان کەمێک زیاترە".
ڕەحمان خانی دەڵێ: "بەرنامەمان داناوە بۆ ماوەی ٦ مانگ کارەبای پێ بەرھەم بھێنین، ھاوکات پێویستییەکانی خەڵکیش لە خوارووی بەنداوەکان دابین دەکەین، ئەو ناوچانەی بەنداومان ھەیە ئاو بۆ ھاووڵاتییان دابین دەکەین و کێشەمان نابێت، بەڵام ئەو شوێنانەی وشکن وەک دەشتایەکانی ھەولێر و گەرمیان و ھەندێک شوێنی دھۆک، کە دوو ساڵ کەمباران باریوە و کانیەکان وشک بوون دەبێت ئاویان بۆ دابین بکرێت".
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وتیشی: "پڕۆژەی ئاوی سلێمانی و ئەو قەزایانەی ئاویان لە سەر بەنداوی دووکانە، مەترسی لەسەر دروست نابێت، پڕۆژەی ئاوی ھەڵەبجە نەبێت لەسەر بەنداوی دەربەندیخانە، ئەگەر ئاوی بەنداوەکە زۆر دابەزێت مەترسی لەسەر دروست دەبێت ئێمە ھەوڵدەدەین، زۆر دانەبەزێت جاری واش ھەیە توشی گرفت دەبن".
ئێران بەنداوێکی زۆریان دروست کردووە لە دیوی خۆیانەوە، لە ساڵانی وشکە ساڵی کاریگەری زۆریان ھەیە لەسەر داھاتی ئاوی بەنداوەکانی ئێمە، ڕەحمان خانی وای گوت".
ھاوکات وتیشی: "لە ئێستادا ٦ بەنداوی بچووک لە پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی گەرمیان لە ژێر جێبەجێکردندان، پلانمان ھەیە ساڵی ئایندە پێنج بەنداوی نوێ خەزنی ئاو بکەین، چەندین بەنداوی تریش بەھۆی قەیرانی دارایی کارکردن تێیاندا وەستاوە".
عەزیز ڕەسووڵ




