ماڵپهڕی KDP.info وردەکاری یەکپۆشی جلوبەرگی پێشمەرگە ئاشكرا دهكات

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ھێزی پێشمەرگە ھاوشێوەی سوپاکانی جیھان یەک جۆری جلوبەرگی دەبێت و چەندین کۆبوونەوە کراوە، ھاوکات چەند دیزاینێکیش پێشنیارکراون بۆ ئەوەی یەکێک دیاری بکرێت و ببێتە جلی فەرمی ھێزی پێشمەرگە ئەوکات ھەموو ھێزی پێشمەرگە یەک جۆری جلوبەرگی دەبێت و جیاوازیش دەبێت لە ھەموو جلوبەرگی دیکەی سەربازی.
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیوا قارەمان کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە یەکێک لەبەرنامەکانی چاکسازی کە ھەموو ھێزی پێشمەرگە دەبێت یەکپۆش بێت و یەک جۆری جلوبەرگی ھەبێت و جلەکەش جیاواز بێت لە ھەموو جلی سەربازی دەورووبەرمان و ھێزەکانی دیکەش، ئێستا سەرقاڵی ئەو پڕۆژەیەین بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردن و کاری لەسەر دەکرێت".
لیوا قارەمان کەمال گوتیشی: "بۆ ئەو مەبەستەش چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە و چەند دیزاینێک دیاریکراوە و جارێ گفتووگۆی لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی یەکێکی دیاری بکرێت، بۆیە ماوە تەواو بێت، چونکە کە دیاریکراوە ئەوکات ڕەنگی دیار دەبێت و دووەمیش بەچ شێوەیەک و دیزاینێک بدورێت، بۆیە ھەموو پێشمەرگە یەک جۆری جلوبەرگی دەبێت، بەڵام ھەندێک کاتی دەوێت، ھەروەھا بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک بێت بەوکارە ھەڵسێت کە چۆن بیدورێت و دیزاین و ڕەنگی چۆن بێت ئەمەش کاری دەوێت".
کەمال ڕوونیشیکردەوە: "ئەوە ھەنگاوێکی زۆر باشە و ھێزی پێشمەرگە لەھەموو شوێنێک یەک جۆری جلوبەرگی دەبێت کە ھاوشێوەی وڵاتانی جیھان جلی تایبەتی خۆیان ھەیە پێشمەرگەش جلی تایبەت بەخۆی دەبێت و یەکپۆشی دەبێت".
بڵند ئیبراھیم




