د. سامان: شێرپەنجە لە هەرێم زیاد نەبووە.. دابەشکردنی دەرمان کاری خێرخوازی نییە

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دوای کردنەوەی نەخۆشخانەی چاوی فێرکاری لە هەولێر، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان باسی حاڵەتەکانی پەتای خوێنبەربوون و دابەشکردنی دەرمانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە د. سامان بهرزنجی، وهزیری تهندروستیی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ''نەخۆشخانەی چاوی فێرکاری، نەخۆشخانەیەکی پسپۆڕییە و ئەگەر نەخۆش پێویستی بە خزمەتگوزاریی وردی پزیشکی و پسپۆڕیی چاو هەبێت و بۆ نەشتەرگەرییەکان دێتە ئەم نەخۆشخانەیە و بۆردی عێراقی و عەرەبی متمانە دەبەخشن بەم سەنتەرانەی هەرێمی کوردستان و دەبنە ناوەندی فێرکردنی پزیشکانی پسپۆڕ''.
وهزیری تهندروستی سەبارەت بە پەتای تای خوێنبەربوونیش گوتی: ''تیمەکانمان، وەک تیمی گەڕان بەدوای دۆزینەوەی حاڵەتەکانی پەتای تای خوێنبەربووندا بەردەوامن لە گەڕان و چاودێری و ڕۆژانە حاڵەتی گومان لێکراو هەیە، بەڵام تەنیا گومان بەس نییە کە کەسێک لەگەڵ ئاژەڵ، یان گۆشت هەڵسوکەوتی هەبووە، یان شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکە لە ئاژەڵان، بەڵکوو پشکنینی تاقیگەیی، بابەتەکە پشتڕاست دەکاتەوە، بۆیە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان تەنیا دوو حاڵەت بە پشکینەکانی تاقیگە و ڕێکاری تایبەت پشتڕاست کراوەتەوە، هەردوو حاڵەتەکەش دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، خۆشبەختانە بە تەندروستییەکی باش و بارێکی جێگیرەوە گەڕانەوە ماڵەوە''.
د. سامان بهرزنجی گوتیشی: ''لە ڕیکارەکان و چاودێرییەکان بەردەوامین، چونکە پەتای تای خوێنبەربوون یەکێکە لە نەخۆشییە هاوبەشەکان و ڕێژەی پەککەوتن و مردنیشی تێدا بەرزە کە زیاتر لە سەدا 50ی ڕێژەی مردنە و لە ناوەڕاست و باشووری عێراق تا ئێستاش ئەم نەخۆشییە هەیە، بۆیە ئێمە بە گرنگییەوە دەڕووانینە ئەم نەخۆشییە و پێویستە هاووڵاتییانیش پابەندی ڕێنوێنییە تەندروستییەکان بن''.
دەربارەی زیادبوونی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا وەزیری تەندروستی گوتی: ''ماوە بە ماوە لەو بارەیەوە کۆنفڕانس بەڕێوە دەبەین، شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا زیاد نەبووە، بەڵکوو دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی حاڵەت باشتر بووە و تاکوو ئێستاش لەناو ستانداردە نێودەوڵەتییەکانداین''.
سەبارەت بە دابەشکردنی دەرمان لەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، د. سامان بهرزنجی جەختی کردەوە: ''دابەشکردنی دەرمان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی و لەسەر بودجەی حاکمە بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دەرمان بۆ کۆگاکان وەردەگرن، دابەشکردنەکەش بەپێی چەندان ستانداردە، وەکوو ڕێژەی دانیشتوان و نەخۆشییە دەگمەنەکان و متمانەی سەنتەرەکان''.
گوتیشی: ''هیچ کەسێک لە دابەشکردنی دەرماندا ناتوانێت دەستوەردان بکات و دابەشکردنی دەرمان کاری خێرخوازی نییە کە کەسێک هەندێک دەرمان بێنێت و وێنەی لەگەڵ بگرێت و بڵێت دەرمانی هێناوە بۆ کوردستان. دیارە دۆخی عێراق جۆرێکە ڕەنگە پێدوایستیی ئێمە بەتەواوی دابین نەکات، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی لە ڕێگەی چەند تەرخانکراوێکی دیکەی بودجە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە بۆشایی دەرمان پڕ دەکەینەوە''.
ڕامان وریا




