٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له‌ مافه‌كانى پێكهاته‌كان ده‌كاته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

له‌ به‌ردوه‌امیى هه‌وڵه‌كانیدا بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ى بیروبۆچۆنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان بۆ ئاماده‌سازى و به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان، نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/6/6 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى پێكهاته‌كان و په‌رله‌مانتا‌ران و نوێنه‌رانیان، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان بیروبۆچوونى خۆیان ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان و یاساى هه‌ڵبژاردن و پارێزگارى له‌ مافه‌كانیان خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ گرنگیى ڕۆڵ و پشتگیریى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ پاراستنى مافه‌كانیان و ڕێزگرتن له‌ بیروبۆچوون و تێڕوانینان ده‌رباره‌ى ئه‌و پرسانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ مافه‌كانى ئه‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌.‌

سه‌رۆك نچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕینى هه‌موو پشتگیرییه‌ك بۆ مافه‌كانى پێكهاته‌كان و پاراستنیان، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێكهاته‌كان ده‌بێ خۆیان خاوه‌نى بڕیارى خۆیان بن و بیروبۆچوون و بڕیاره‌كانیان ڕێزلێگیراو بن، هه‌روه‌ها دڵنیاى كردنه‌وه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ هیچ هه‌وڵێك بۆ سنوورداركردنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان نادرێت به‌تایبه‌تى له‌ پرسى هه‌ڵبژاردن و نوێنه‌رایه‌تیكردنیاندا له‌ په‌رله‌مان و دامه‌رزاوه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، به‌ پێچه‌وانه‌وە تا له‌ توانادایه‌ ده‌بێ گرنگیى زیاتر به‌ مافه‌كانیان بدرێت.

لاى خۆیانه‌وه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، سوپاس و پێزانینان بۆ هه‌ڵوێسته‌كانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپات كرده‌وه‌ و جه‌ختیان له‌ ڕۆڵى به‌ڕێزیان له‌ پاراستن و قووڵكردنه‌وه‌ى گیانى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى له‌نێوان پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستاندا كرده‌وه‌ و به‌ گه‌ره‌نتیى پاراستنى مافه‌كانیان له‌ قه‌ڵه‌م دا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار