٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری ناوخۆ: تا ئێستا لە کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتیدا باسی پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتیدا لێک تێگەیشتنی باش دروست بووە، بەڵام تا ئێستا باسی پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە و باسی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان کراوە. جەختیشی کردەوە کە دەمانەوێت حکوومەتی نوێی عێراق زوو پێک بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بڕیار لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانەوە بدات.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ''لێک تێگەیشتنی باش لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دروست بووە و کۆبوونەوەکانی ڕابردووش ئیجابی بوونە، بەڵام تا ئێستا پۆستی سەرۆککۆمار لەو کۆبوونەوانەدا باس نەکراوە و پارتییش پێداگری دەکات بۆ سەرخستنی کاندیدی خۆی کە من خۆم کاندیدم بۆ ئەو پۆستە و سەربەرزییە و ھەوڵ دەدەین لەڕێگەی گفتوگۆوە لە ھەرێم و بەغدا لێک تێگەیشتنی باش ھەبێت، بەڵام پۆستی سەرۆککۆمار نەبووەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، نێوماڵی شیعە کە ڕێک نەکەوتوون بووەتە ھۆی کێشە بۆ کۆتاییھێنان بەو داخراوییە سیاسییە لە عێراق و تا ئێستاش پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار.''

ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ''لێک تێگەیشتنی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو لەسەر بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بووە و بە ھیچ شێوەیەک باسی پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە.''

ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: ''ئەمڕۆ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و ئەو شاندە تەکنیکییە کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ کێشە دارایییە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ڕاسپێردراوە، چونکە لە بەغدا بەردەوام ھەوڵ دەدرێت چارەسەرکردنی کێشەکان دوا بخرێت کە چەندین کێشەن وەکوو دارایی و نەوت و غاز، کە وەکوو فشارێک دژی ھەرێمی کوردستان بەکار دەھێندرێن، بۆیە ئومێدەوارین کۆتایی بەو داخراوییە سیاسییەی عێراق بێت و کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێک بھێندرێت، بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بتوانێت لەگەڵ حکوومەتێکی کارا و خاوەن دەسەڵات گفتوگۆ بکات کە بتوانێت بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بدات.''

وەزیری ناوخۆ ڕایشیگەیاند: ''لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی یاسای خانەنشینیی کارمەند و ئەفسەرانی ھێزەکانی ناوخۆ کراوە و پشتگیریی خۆی دەربڕیوە و خەمی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە ئەفسەر و کارمەندانی ھێزەکانی ناوخۆ بە زووترین کات بگەنە ماف و شایستە داراییەکانی خۆیان، بەتایبەت ئەوانەی خزمەتی زۆریان کردووە و خانەنشین دەبن، بەڵام کێشەی سیولەمان ھەیە و ڕەنگە لە ھەندێک ناوچە سیولە بەردەست نەبێت و پێویستە دابین بکرێت، بەڵام پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆداین و دراوەتە ئەنجومەنی شوورا و لەگەڵ وەزارەتی دارایی دەمانەوێت پشتگیریی دارایی بۆ پڕۆژەکە دابین بکەین، ئەوکات دێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار