لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان: لە ناوچە کوردستانییەکان بە میکانیزمێکی تر تەعریبی کوردەکان بەردەوامە و سزای یاسایی دەدرێن

ھەولێر-KDP.info- ئهندامى لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت، ئیدارەی خۆجێی کەرکووک بەبێ جیاوازی دەستیکردووە بە سزادانی ھاووڵاتیانی کوردی پارێزگاکە، بە بیانووی جۆراوجۆر کوردانی ناوچەکە پەلکێشی دادگا دەکرێن و بەبێ ھیچ پاساوێکی یاسایی ڕۆژانە سزای یاسایی دەدرێن.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پەرلەمان و ئەندام لە لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان کۆبۆتەوە لەگەڵ د.ڕێبوار تاڵەبانی و پەروین محەمەد ئەمین، کە ئیدارەی خۆجێی کەرکووک بەبێ جیاوازی دەستیکردووە بە سزادانی ھاووڵاتیانی کوردی پارێزگاکە، بە بیانووی جۆراوجۆر کوردانی ناوچەکە پەلکێشی دادگا دەکرێن و بەبێ ھیچ پاساوێکی یاسایی ڕۆژانە سزای یاسایی دەدرێن، ھەروەھا ئەفسەرێکی کورد لە دووزخورماتوو بەبێ ھیچ تاوانێک بە ۲۷ ساڵ زیندانی سزادراوە و ڕۆژانە دەیان کەیسی ھاوشێوە دەگاتە دەستمان، ھەموو ئامانجیان ھەراسانکردنی کوردانی ناوچەکەیە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن کەرکووک جێبھێڵن کە ئەمەش میکانیزمێکی تری تەعریبکردنی ناوچە کوردستانییەکانە".
لیزا فەلەکەدین گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکە باسی دۆخی کوردانی کەرکووک کرا کە لەو پەڕی خراپیدایە و گرنگە ھەرچی زووە نوێنەری وڵاتان و بە تایبەت جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم دۆخە بێتە دەنگ و ھەروەک چۆن ماوەکانی پێش ئێستا خەمخۆرانە کاریان لەسەر دۆخی ھەرێمی کوردستان کردووە بەھەمان شێوە دۆخی کەرکووک و پێشێلکارییەکانی ئیدارەی خۆجێی بەرامبەر مافی کورد لە چوارچێوەی راپۆرتێکدا بگەیەنرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و گفتووگۆی لەسەر بکرێت".
فایزە کۆیی




