بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت ١٢ ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئاو بە تانکەر خەرجکراوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، حکوومەتی ھەرێم دوازدە ملیار دیناری بۆ ژمارەیەک فەرمانگەی ئاو خەرجکردووە، تا لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاو بۆ ھاووڵاتیان دابین بکەن و دەشڵێ، لە ھەر شوێنێک ھاووڵاتیان کێشەی کەمئاویان ھەبێت بۆیان دابیندەکرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە سەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوازدە ملیار دینار بۆ پێنج بەڕێوەبەرایەتی ئاو خەرجکراوە، تا بە پرۆسەی تانکەر ئاو بۆ ئەو شوێنانەی کێشەی کەمئاویان ھەیە چارەسەر بکرێت و لە ھەر شوێنێک کێشەی نەبوون و کەمئاوی ھەیە لە لایەن فەرمانگەکانی حکوومەت بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت".
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێم ڕوونیکردەوە: "لە ھەندێ ناوچە بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام پڕۆژەی ئاو لەو شوێنانە بەرەو تەواوبوون دەچێت و لەمەودوا پێویستیان بە تانکەر نابێت و بە شێوەیەکی ئاسایی ئاویان پێدەگات".
ئاری ئەحمەد گوتیشی: "لە ھەندێ ناوچە بە ھۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە بەردەوام لە ڕێگەی تانکەرەوە ئاویان بۆ دابیندەکرێت و ئەو شوێنانەی لەمەودوا بە ھۆی وەرزی ھاوینەوە تووشی کێشەی ئاو دەبن بۆ ئەوانیش دابیندەکرێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری ئاو بۆ ھەموو ھاووڵاتیان و چەندین پڕۆژەی دیکەش لەبەردەستن بۆ جێبەجێکردن".
قائید میرۆ




