''لە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریدا دھۆک لە پێشەوەی پارێزگاکانی عێراقە"
__2022_06_05_h18m35s48__HK.jpg)
دهۆک -KDP.info- ھەردوو پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری و دابەشکردنی کارتی دەنگدان لە سنووری پارێزگای دھۆک بەڕێوە دەچن و بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردەکانی عێراقیش ئاشکرای کرد، لە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریدا دھۆک لە پێشەوەی پارێزگاکانی عێراقە.
خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە سنووری پارێزگای دھۆک بەردەوامە و ڕۆژانە لە ڕێگەی بنکەکانی کۆمسیۆنەوە جگە لە ئاوارەکان، ئەوانەی پێشتر بەشدار بوونە و ئەوانەیشی ئێستا ساڵی لەدایکبوونیان گەیشتووەتە ٢٠٠٤، دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن، چونکە بەبێ تۆمارکردن، ناویان ناچێتە پڕۆسەی دەنگدانی داھاتووی عێراقەوە و بێبەش دەکرێن''.
بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتیشی: "دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری و دەنگدانیش بەردەوامە، لە ڕێگەی ٤١ بنکەی کۆمسیۆنەوە ڕۆژانە کارتی بایۆمەتری بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت، پارێزگای دھۆک مانگی ڕابردوو لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق پلەی یەکەمی ھەبوو لە دابەشکردنی کارت و توانیی ٢٦ ھەزار کارت دابەش بکات.''
خالید عەباس ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ژمارەیەک تیمی گەڕۆک پێک ھاتوون و سەردانی کەمپی ئاوارەکان و سەربازگەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن بۆ دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری، چونکە ژمارەیان زۆرە و جگە لەو کارتانەی دەگەڕێنەوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا کارتی دەنگدەرانی تایبەت گل دراونەتەوە کە دووبارە بۆیان دەگەڕێنینەوە.''
قائید میرۆ




