٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھۆشیار سیوەیلی: لە کۆبوونەوەی ٩ی مانگ لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەسەر چەند پرسێک گفتوگۆ دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە ٩ی مانگ جارێکی دیکە بە بەشداریی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھەر شەش حزبی بەشداربووی کۆبوونەوەی ڕابردوو کۆ ببنەوە و لەبارەی چەند پرسێکەوە گفتوگۆ بکەن، لەوانە پرسی ھەڵبژاردن .

ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی دیکە بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، جینین پڵاسخارت، لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆ ببنەوە و کۆبوونەوەی پێشوو ئیجابی بوو و لەسەر دەستپێشخەریی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، بۆ ئەوەی ئەو شەش حزبە لە کوردستان کاریگەرییان ھەیە، پێکەوە کۆ ببنەوە و لەبارەی چەند خاڵێک گفتوگۆ بکەن، وەکوو بڵاویش کرایەوە ئەجێندای کۆبوونەوەکە سێ خاڵی سەرەکی بوو، ئەوانیش پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندیی نێوان پارێزگاکان،  کۆبوونەوەکەش سێ ساعەت بەردەوام بوو.''

ھۆشیار سیوەیلی گوتیشی: ''کۆبوونەوەکە باش بوو و تا  ڕادەیەکیش بۆچوونەکان لە یەک دوور نین، بەتایبەت لەسەر پرسی ھەڵبژاردن کە لەسەر سیستەمەکە جیاوازیی بۆچوون ھەیە و پارتی کراوەیە و ڤیتۆی لەسەر ھیچ خاڵێک نییە کە یەک بازنەیی بێت، یان فرەبازنەیی، بۆیە بەرەو ئەوە دەچن بگەنە ڕێککەوتن و ڕێککەوتنی کۆتاییی بۆ ٩ی مانگ بەجێ هێڵدراوە.''

سیوەیلی ڕوونیشی کردەوە: ''نوێنەرێ نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بەھێز بکرێن و کاک فازڵ میرانیش داوای کرد بۆ بەھێزکردنی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان ٩ی مانگ لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە بکرێت، کە گەورەترین و گرنگترین دەزگایە، ھەمووان ھاوڕا بوون ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، بۆیە لە کۆبوونەوەی داھاتوو ھەر شەش حزبی بەشداربوو، بەشدار دەبن، چونکە بە تێکڕای دەنگ بڕیار درا ئەگەر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کاری دیکەی نەبێت، کۆبوونەوەکە بەڕێوە بچێت.''

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: 'پێکھاتەکان سیستەمی کۆتایان ھەیە و مافیان پارێزراوە و پارتی داکۆکییان لێ دەکات و لایەنەکان لەسەری ناکۆکن و دەیانەوێت لە سلێمانییش تورکمان کورسیی کۆتای ھەبێت کە ژمارەیان کەمە و شێوازی دەنگدان کە بەداخەوە ھەندێک لایەن پێیان وابوو موسڵمان و کورد بۆی نەبێت دەنگ بە مەسیحی و پێکھاتەکان بدات، ئەمە خاڵێکە کە پێم وایە یوئێن لەگەڵی نابێت، بۆیە پێویستە سیستەمی ھەڵبژاردن بۆ پێکھاتەکان یەک بازنەیی بێت بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت.''

هۆشیار سیوەیلی ڕوونیشی کردەوە: ''پارتی پێداگری دەکات ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام ڕەنگە کۆمسیۆن نەتوانێت لە کاتی خۆیدا ھەڵبژاردن بەڕێوە ببات، بۆیە ئەگەر بە ھۆکاری تەکنیکی نەتوانرێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، دەکرێت چەند مانگێک دوا بخرێت بەھۆی ئەوەی کۆمسیۆن کارا نییە و ئەگەر کارا کرا ئەوکات وادەیەک بۆ ھەڵبژاردن دیاری بکرێت.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار