"زیاتر لە ٢٠ لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە پێکھێنراون"

هەولێر –KDP.info- پڕۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ھەنگاوی باش نراون بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ لیوای پێشمەرگە دامەزراون.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: " پڕۆسەی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە و تا ئێستا ژمارەیەک لیوا پێک ھاتوون و پڕۆسەکەش بەردەوامە، زیاتر لە بیست لیوای ھاوبەش پێک ھاتوون و هەرچەندی ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەبێت بۆ یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە، ئەوەندەش ھەرێمی کوردستان بەسەر نەیارانیدا زاڵ دەبێت.''
بابەکر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بۆ سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان بەسەر ھەموو کێشە و ئاستەنگەکاندا ھیچ شتێک وەک یەکگرتوویی نییە، ھەر زیانێک بەر میللەتی ئێمە کەوتبێت بەھۆی ناکۆکیی کورد بووە، لەبەر ئەوەیش پێم وایە پێویستە ھەنگاوی زیاتر بنێین بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ھەموو لایەنەکانیش ھاوکار بن.''
قائید میرۆ




