لیژنەی نەزاھە: بانکی بازرگانی بێ جیاوازی پارە بۆ ھەموو بانکی پارێزگاکان رەوانە دەکات

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھە لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستمان بە بەدواداچوون کردووە لەبارەی کێشەی نەبوونی پارە لە بانکی بازرگانی سلێمانی و سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکانی ھەولێرمان کردووە، دەرکەوت کە پارە بێ جیاوازی بۆ ھەموو بانکەکان رەوانە دەکرێت، بۆیە سەردانی سلێمانیش دەکەین کە چەند مانگێکە لەوێ گرفت ھەیە و بەو ھۆیەوە مووچە دوادەکەوێت.
سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەزاھە لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە بەدواداچوونمان بۆ بانکە بازرگانیەکان کردووە لەبارەی نەبوونی پارە لەبانکە بازرگانیەکان بەتایبەت بانکی مەرکەزی سلێمانی کە پارەی نەقدی نیە بۆ مووچەخۆران کە ماوەی چەند مانگێکە ئەو گرفتە لە سلێمانی ھەیە و سەردانی بانکە بازرگانی و ژمێریاری ھەولێرمان کردووە و سەردانی سلێمانیش دەکەین، ئەوەی ھەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان بوو، کە سلێمانی و دھۆک رێنمایی لەوێ وەردەگرن و داھاتەکە دێتە ئەوێ و ئەو پارەی پێویستە بۆ سلێمانی وەکو خۆی دەڕوات".
سەعید ھەرکی گوتیشی: "بەپێی رێککەوتنی وەزارەتی دارایی لەگەڵ بانکی بازرگانی پێویستە سلێمانی مانگانە ٨٢ ملیار دینار بۆ مووچەی سلێمانی دابین بکات چەند مانگێکە دیار نیە ئەو پارە دابین دەکرێت یاخود نا، بۆیە لە بانکی گشتی بازرگانی ھیچ کێشەیەک نیە لە دیاریکردنی پشکی ھەر پارێزگایەک لە داھات".
ھەرکی باسی لەوەشکرد: "لە ھەولێر پارەی داھاتی نەوت بۆ مووچە بۆیان رەوانە دەکەن و پێویستە بە داھاتی ناوخۆ تەواوی بکەن، بۆیە گرفتەکە لێرە دروستبووە ئەگەر نا لە ھەولێر ھیچ کێشەیەک نیە".
ناوبراو وتیشی: "دوای سەردانی ھەولێر بڕیارە ھەر لەم ھەفتەیە بۆ ھەمان مەبەست و بەدواداچوون لەبارەی گرفتی نەبوونی پارەی نەقدی لە بانکی بازرگانی سلێمانی سەردانی ئەو پارێزگایەش بکەین".
بڵند ئیبراھیم




