سایلۆیەکی دیکەی ھەڵگرتنی گەنم لە ھەرێمی کوردستان تەواو دەبێت

دھۆک-KDP.info- لە بەردەوامی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە بەرھەمی ناوخۆیی و ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیی و پارێزگاریکردن لێی، حکوومەتی ھەرێم بڕیاری دروستکردنی چەندین سایلۆی دا، یەکێک لەوانە لە سنووری دھۆک لە ناحیەی روڤیا دروستکراوە و تەواو بووە، کە سەرمایەی پڕۆژەکە ٨٤ملیار دینارە.
لەمبارەیەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی روڤیا، عەنتەر فەرھاد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سایلۆی روڤیا بە شێوەیەکی زۆر مۆدێرن و ڕێکوپێک دروستکراوە و توانای ھەڵگرتنی ٤٤ ھەزار تەن گەنمی ھەیە و ئێستا سایلۆکە تەواو بووە و ئامادەیە بۆ ئەوەی گەنمی جوتیاران لە سنووری بەردەڕەش تا ئاکرێ وەربگرێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی ستافی بەڕێوەبردنی سایلۆ و ھەیکەلی ئیداری ئەمساڵ سایلۆ ناکرێتەوە و کردنەوەی دەکەوێتە ساڵی داھاتوو، واتا لە ساڵی داھاتوو بە ستافێکی نوێ و ھەیکەلی ئیداری دەکەوێتە کار و گەنم لە جوتیاران وەردەگرێت".
عەنتەر فەرھاد گوتیشی: "سایلۆی روڤیا بە گوژمەی ٨٤ ملیار دینار دروستکراوە و تەواو بووە کە ٤٤ ھەزار تەن گەنم دەگرێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی ستاف و بەڕێوەبەر، ھەیکەلی ئیداری ئەمساڵی سایلۆ ناکرێتەوە و ھێشتا وەریشمان نەگرتووە و ساڵی داھاتوو دەکەوێتە کار، چونکە بۆ وەرگرتنی گەنم پێویستە ستافێک ھەبێت سایلۆکە بەڕێوەببات، بۆیە بەم نزیکانە ستافێکی بۆ دادەمەزرێت".
فەرھاد باسی لەوەشکرد: "بڕیارە ٥٧ کارمەند بۆ سایلۆ دامەزرێن، ئەوەش لایەنی پەیوەندیدار پێ ھەڵدەستێت و بە ھۆی نەبوونی سایلۆ جوتیارانی ئێمە گەنمیان بۆ سایلۆی شێخان دەبەن".
بڵند ئیبراھیم




