پێکھاتەکان داوا دەکەن کورسییەکانیان زیاد بکرێت، نەک کەم بکرێتەوە

ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوەیی گوتی، کورسیی کۆتای پێکھاتەکان بە یاسا دانراون و ڕێک خراون، بۆیە قابیلی قبووڵ نییە کەم بکرێنەوە و دەستکاری بکرێن. گوتیشی: ''ئێمە بڕیاری لێ دەدەین و داواشمان کردووە کورسییەکان زیاد بکرێن، نەک کەم بکرێنەوە.''
ڕوبینا تەیاری، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەستبردن بۆ کورسیی کۆتا و کەمکردنەوەی قابیلی قبووڵ نییە و نە دیموکراسیەتی تێدایە و نە یاساییشە، چونکە کورسیی کۆتا بە یاسا دانراوە و بە یاسا ڕێک خراوە، بۆیە بە ئارەزووی ھەندێک لایەنی سیاسی نییە و ھەرکاتێک کێشەیەک ھەبێت پەنا بۆ کورسیی کۆتا دەبەن، خۆ خێریان بە ئێمە نەکردووە، ئەوە بە یاسا ڕێک خراوە.''
گوتیشی: ''مافی ھیچ لایەن و پارتێک نییە دەستکاریی کورسیی کۆتا بکات و ئێمە بڕیار دەدەین و بڕیاریشمان داوە کە کورسیی کۆتا زیاد بکرێن، نەک کەم بکرێنەوە و دەستکاری بکرێن، بۆیە ئێمە بڕیار لەبارەی پاشەڕۆژی خۆمانەوە دەدەین.''
تەیاری باسی لەوەش کرد: ''ئەگەر ئەوان ھێندە خەمی کۆتایانە، با جارێ کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، ئینجا بێن باسی کورسیی کۆتا بکەن.''
بڵند ئیبراھیم




