ئەمڕۆ ههردوو پارکی زەمبیل فرۆش و سەید غەزال دەکرێنەوە

زاخۆ-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ شەممە بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای باتۆفەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دابنرێن و قائیمقامی باتۆفەش دهڵێ، دوو پارکی گەورەی ستراتیژی بە سەرمایەی ٢٧ ملیۆن دۆلار لەنێو سەنتەری شارۆچکەی باتۆفە دەکرێنەوە.
فەرھاد مەحموود، قائیمقامی باتۆفە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوای بڕیاری بە قەزابوونی باتۆفە و سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ شەش ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزاکە خەرجکراون، ئەمڕۆ بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک لەو پڕۆژانە دادەنرێت لەوانەش پارکێک لەنێو سەنتەری قەزا و ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی وەک ڕێگای گوندەکان و بواری ئاو لە شارۆچکەی باتۆفە".
قائیمقامی باتیفا گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ دوو پارکی ستراتیژی لە قەزای باتۆفە دەکرێنەوە، ئەوانیش پارکی سەید غەزال و پارکی زەمبیل فرۆشە، ئەو دوو پڕۆژەیە ستراتیژین و لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێدەکرێن".
فەرھاد مەحموود ڕوونیکردەوە: "بە سەرمایەی ٢٧ ملیۆن دۆلار ھەردوو پارکی ستراتیژی لەقەزای باتۆفە دەکرێنەوە ئەوەش کاریگەری لەسەر قەزاکە دەبێت لەڕووی گەشتیاریەوە، ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ دەکرێنەوە و بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت پڕۆژەی گرینگ و پێویستن بۆ خەڵکی سنورەکە".
قائید میرۆ




