١١ ھەزار شوقە ٨٥%ی كارهكانیان تەواو بووە و بەسەر کرێنشینان دابەش دەکرێن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان ئاشکرایکرد، جگە لەو ٢٠ ھەزار شوقەیەی دەستەی وەبەرھێنان بڕیارە تا ساڵێکی دیکە ١١ ھەزار شوقەی ئاوەدانکردنەوەش کۆتایی بێت و بەوەش زیاتر لە ٣٠ ھەزار شوقە بەسەر کرێنشینان دابەش دەکرێت.
گۆران عەوێنەیی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندد "حکوومەتی ھەرێم لە ڕێگەی دەستەی وەبەرھێنانەوە زیاتر لە ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کرێنشین و کەم دەرامەت دروست دەکات، جگە لەوەش چەند پێش ئێستا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ١١ ھەزار شوقەی دروست کردووە و بەوەش ژمارەی ئەو یەکانەی بڕیارە بەسەر خەڵکی کرێنشین دابەش بکرێت دەگاتە زیاتر لە ٣٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون".
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان گوتی: "ئەو ١١ ھەزار شوقەیەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە زۆربەیان ٨٥%ی تەواو بووە و کەمتر لە ساڵێکی دیکە ھەموویان کۆتایی دێن و دابەش دەکرێن".
گۆران عەوێنەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "پێویستە میکانیزمێکی گونجاو ھەبێت بۆ دابەشکردنی ئەو ٣٠ ھەزار شوقەی حکوومەت دروستی دەکات، چونکە ئەگەر دادپەروەری تێدا ھەبێت کاریگەری لەسەر کرێنشینان دەبێت و ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ھەژار و کرێنشین سوودمەند دەبن لە یەکەکانی نیشتەجێبوون".
قائید میرۆ




