وەزارەتی کارەبا: ڕۆژانه نزیکەی ١٥ کاتژمێر کارەبا بۆ ھاووڵاتیان دابین دهکەین

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەھۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەھێزەی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، خواست لەسەر کارەبا زیاد بووە، بۆیە داواکارین ھاووڵاتیان ھاوکاربن بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین کاتژمێر کارەبا دابین بکەین و ئێستاش بەھۆی ئەو گەرمایە ڕۆژانە ١٥ کاتژمێر کارەبا دەدەین.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھیچ کات سەرەتای مانگی پێنج وا فێنک نەبووە و ھیچ کاتێکیش سەرەتای مانگی شەش وا گەرم نەبووە، ئەمە وایکرد کە فشارێکی زۆرمان لەسەر دروست بکات و لە پڕێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ ٤ ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات بەرزبێتەوە، کە بەرھەمی ئێمە ٣ ھەزار و ١٠٠ مێگاواتە، بەڵام ٦٠٠ مێگاوات کاری چاککردنەوە و سیانەی بۆ دەکرێت و چاوەرێ دەکەین بگەرێتەوە، کە لە خەبات دوو وەحدەمان ھەیە یەکێکی دەستی بەکار کردۆتەوە و ئەوەی دیکەش تەواو بێت دەست بەکار دەبێتەوە و لە ھەولێر و سلێمانی و بازیان و خورمەلە، وهحدەمان ھەیە و کاری سیانەی بۆ دەکرێت و تەواوبن بەرھەمەکانیان دەگەرێتەوە بۆ ناو تۆری کارەبا".
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "گەرما کاریگەریەکی دیکەی خراپیشی بۆ سەر بەرھەمی کارەباش ھەیە، چونکە توانای بەرھەم کەمدەکاتەوە، کە ئەوەی ١٢٥ مێگاوات بێت بۆ ١٠٠ مێگاوات کەمیکردووە، ئەوەش کاریگەری ھەیە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتی ئێمەش ھاوکار بێت بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین کاتژمێری کارەبا بدەین بە ھاووڵاتیان لە وەرزی ھاوین".
ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: "تا ئێستاش ئێمە نزیکەی ١٥ کاتژمێر کارەبا بە بەردەوامی بۆ ھاووڵاتیان دابین دهکەین سەرەڕای ئەو شەپۆلە گەرما بەھێزەی کە ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە".
ناوبراو گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ھێڵە بە بەردەوامی بۆ ئەوەی گرفتەکانی کارەبا چارەسەر بکات، چونکە ھەموو توانای خۆمان بەکار دێنین بۆ ئەوەی زۆرترین کاتژمێری کارەبا دابین بکەین بۆ ھاووڵاتیان لە وەرزی ھاوین".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر گوتی: "تا ئێستا ملیۆنێک و ٢٧٠ ھەزار پێوەری زیرەکی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵان دانراوە و بڕیارە پێداچوونەوەیەکی بۆ بکەین و چاکسازی زیاتری بۆ ئەنجامبدەین و بەھۆی دانانی پێوەری زیرەکیش ١٠%ی کارەبای بەفیرۆچوو بۆمان گەڕاوەتەوە".
بڵند ئیبراھیم




